سەردێر

ڕوونکردنەوە لەسەر سڕینەوەی داتای سەرپێچییەکانی شۆفێران دەدرێت

سلێمانی ـ نزار جەزا

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، کە گوایە داتای سەرپێچی شۆفێران سڕابێتەوە.

شەوی ڕابردوو لەلایەن گروپێکی هاککردنەوە ماڵپەڕی فەرمی هاتوچۆی سلێمانی هاککرا و بابەتێکی تێدابڵاوکرایەوە، کە ئاماژەبوو بۆناوی گروپەکە.

ئەم گروپە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەکاونتی تایبەت بەخۆیان هەیە و ماڵپەڕێکی فەرمییان هەیە، کە زانیاری جیاوازی تێدا بڵاودەکەنەوە.

گروپەکە وای خۆی پێناسەکردووە، کە یەکەمین و پڕۆفیشناڵترین تیمی تەکنەلۆژیایە لە کوردستان پێکهاتووە لە چەند کەسێکی شارەزا لە تەکنەلۆژیا هاک و خۆپاراستن بەگشتی.

عەمید فەرەیدوون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمشەو بابەتێک لەماڵپەڕی فەرمی هاتوچۆی سلێمانی بڵاوکرابووەوە، کە گوایە ماڵپەڕەکە هاک کراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەر زوو ئەو بابەتە لابرا و چارەسەریان کرد و وشەی نهێنی و وشەتێپەڕی ماڵپەڕەکەیان گۆڕی.

باسی لەئەوەشکرد، ئەو داتایانەی لەبارەی سەرپێچی شۆفێرانەوە لەماڵپەڕەکە دانراون، داتای سەرەکی نین، بەڵکو کۆپییەکە لەداتاکان، تەنانەت داتا سەرەکییەکان لەچەند جێگەیەکی جیاواز هەڵگیراون، کە لەڕێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە دەست پێیان ناگات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەهەوڵدان کە ئەو کەسانە بدۆزنەوە، کە ئەم کارەیان کردووە.

لەجیهاندا گروپەکانی هاک و خۆپاراستن بەمەبەستی ناوبانگ پەیداکردن هاکی هەندێک ماڵپەڕی ناسراو دەکەن، ئەم هەوڵانەش لەکوردستان کەمنین، بەڵکو ساڵانی پێشووش چەندجارێک ماڵپەڕی فەرمی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە هاککراون.