سەردێر

“بڕیارە لە ئەمشەوەوە بەغدا یەك ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم بنێرێت”

خەڵك

بڕیارە وەزارەتی نەوتی عیراق لە ئەمشەوەوە ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دوو هێندە زیاد بكات‌ و ڕۆژانە یەك ملیۆن ‌و 80 هەزار لیتر بەنزین بنێرێت.
كەناڵی گەلی كوردستان لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە، لە ئەمشەوەوە ناردنی بەنزینەكەی بەغدا لە 540 هەزار لیترەوە بۆ ملیۆنێك ‌و 80 هەزار لیتر زیاد دەكرێت، كە یەك لیتری بە 690 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت.

وەزارەتی نەوتی عیراق لەڕۆژی 24ی 10ی 2021 دەستی بەناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە‌ و لەو كاتەوە ڕۆژانە 540 هەزار لیتر بەنزین هەناردەی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان دەكات، هەرچەندە بڕیار بوو لەڕۆژی 1ی 11ی 2021وە بڕەكەی بۆ دوو هێندە زیادبكرێت، بەڵام تائێستا بڕەكەی زیاد نەكراوە.

بە وتەی سەرچاوەكە، وابڕیارە لە ئەمشەوەوە پشكی پارێزگاكان بۆ دوو هێندە زیادبكرێت‌ و یەك ملیۆن‌ و 80 هەزار لیتر بەنزین بگاتە هەرێمی كوردستان، لەو بڕەش پارێزگای هەولێر 360 هەزار لیتر، پارێزگای سلێمانی 360 هەزار لیتر، پارێزگای دهۆك 216 هەزار لیتر‌ و پارێزگای هەڵەبجەش 144 هەزار لیتری بەردەكەوێت.