سەردێر

عیراق، هەرێمی كوردستان زۆرترین مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1315 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1925 كەسیش چاكبوونەتەوە، 27 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 20 هەزار و 218 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 1315 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە دهۆك و هەولێر وسلێمانی تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە دهۆك 210  و لە هەولێر 313 و لە سلێمانی 199 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1925 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە هەولێر و دهۆك و بەغدا و سلێمانی بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 27 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 23 حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.