سەردێر

یونایتد دەیەوێت یەكەم بێت و ئەتڵانتاش چاوی لە تۆڵەكردنەوە بڕیوە

خەڵك-
یانەی مانشستەر یونایتدی ئینگلیزی دەیەوێت تەئكید لەسەر یەكەمی ڕیزبەندی گروپەكەی بكاتەوە لە خۆلی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەو یارییەی كە ئەمڕۆ بەرانبەر بە یانەی ئەتڵانتای ئیتاڵی ئەنجامی دەدات.

یارییەكە لە یاریگای جویس لە ئەتڵانتا بەڕێوەدەچێت و تێیدا یانە ئیتاڵییەكە دەیەوێت تۆڵە لە مان یونایتد بكاتەوە كە لە یارییەكەی ئۆڵترافۆرد لە مانشستەر بریمۆنتادای مێژووی سێ‌ گۆڵی یەك لەدوای یەكی تۆماركرد، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ لە دوای ئەتڵانتاوە بوو.

یونایتد بە شەش خاڵ یەكەمی گروپەكەی خۆیەتی، لە ئەنجامی دوو بردنەوە و دۆڕاندنێك، هەریەك لە یانەی ڤیاڕیاڵی ئیسپانی و ئەتڵانتای ئیتاڵیش لە پلەی دووەمدان بە 4 خاڵ، یۆنگبویزیش لە پلەی كۆتاییدایە بە 3 خاڵ.