سەردێر

فڕۆكەخانەی هەولێر لەبارەی كارتی ڤاكسینەوە بڕیار دەدات  

خەڵك-
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا تەنیا تێستی كۆرۆنا مەرجی گەشتكردنە و كارتی ڤاكسین نەبۆتە مەرج و بڕیار بۆ گەشتكردن، بۆیە هەر كاتێك بڕیارێكی لەو شێوەیەدرا، دیراسەی دەكەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.

میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاری ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڵاویكردەوە”لای ئێمە تا ئێستا تەنیا پێویستە ئەوەی گەشت بكات تێستی كۆرۆنای هەبێت و كارتی ڤاكسین نەبۆتە مەرجی گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ گەشتیاران، چونكە بڕیارێكی لەو شێوەیەمان بەدەست نەگەیشتووە”.

بە وتەی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر”هەر كاتێك بڕیارەكە بەدەستمان بگات، دیراسەی دەكەین، ئەوكات ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین، بەڵام تا ئێستا لای ئێمە كارتی ڤاكسین نەبۆتە بڕیار بۆ گەشتكردن”.
دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، بڕیاری داوە پێویستە ئەوەی گەشتیار بێت، كارتی ڤاكسینی پێ بیت و پشكنینی كۆرۆنای نەرێنی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ گەشت بكات، بڕیارەكەش ئەمڕۆ جێبەجێ دەكرێت و پێویستە سەرجەم فڕۆكەخانەكان پابەندبن، هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانیش كار بە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقی دەكەن.