خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە هێزەكانیان 9 كەسیان بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانمان بۆ بڵاونەبوونەوە و ڕێگریكردن لەبەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر، هێزەكانمان بەهاوكاری یاریدەدەرێتیەكانی ئاسایشی (بەردەقارەمان ، ئاغجەلەر، تەكیەی كاكەمەند، شۆڕش و بازگەی بانمەقان) كەسەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانن لەماوەی (٤٠) ڕۆژدا 9 كەسیان دەستگیركردوە بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەكان دانیشتوی شار و شارۆچكە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانن.
جەختیشی كردۆتەوە، سەرجەمیان بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەماددەكانی (٢٥ ، ۲٦ ، ۳۰) لەیاسایی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵیەكان لەهەرێمی كوردستان ڕاگیراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوو ئۆتۆمبێل و چەكێكی جۆری دەمانچە و بڕێكی زۆر لەماددەی هۆشبەر لەجۆری (كریستاڵ) كە خاوەنداریەتیەكی دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتبارەكان لەلایەن هێزەكانمانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.