سەردێر

هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی درا

خەڵك-

سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی ئاشكرای دەكات، كە شەوی رابردوو هەوڵی تیرۆر كردنی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق دراوە كاتێك سەردانی باڵەخانەی دەزگای هەواڵگری كردووە لە ناوچەی مەنسووری بەغدا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە، شەوی رابردوو ئەو كاتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق لە باڵەخانەی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە لە ناوچەی مەنسووری بەغدا، دەزگاكە بە مووشەك كراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مووشەكەكانی شەوی رابردوو ئاراستەی ناوچەی مەنسوور كراون كە دەزگای هەواڵگری لێیە، نەوەك ناوچەی سەوز، كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای لێیە. تەنانەت یەكێك لە مووشەكەكان لە پشت باڵەخانەكە كەوتۆتە خوارەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق ئاشكرایان كرد، سێ مووشەكی كاتیوشا ئاراستەی ناوچەی سەوز كراون، بەڵام هیچ یەكێك لە مووشەكەكان زیانی گیانیان نەبووە.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق پێش ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە.