سەردێر

سەرچنار یەكێك لە گەڕەكە دێرینەكانی سلێمانی

خەڵك
سەرچنار یەكێكە لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای شارو جاران بەھۆی لاوازی كەرەسەی ھاتوچۆوە و، كەمی دانیشتووان سەرچنار جیابوو لە بەشەكانی تری سلێمانی و دەزانرا لەكوێوە بۆ كوێ دەستپێك و كۆتایییەتی، ئەمڕۆكە سەرچنار تێكەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەكی تر دروست بوون .

ئەگەر بمانەوێت دەربارەی ھاوینەھەواری سەرچنار قسە بكەین دەبێت، بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاكانی دروستكردنی شاری سلێمانی لە ساڵانی ١٧٨٣ بۆ ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە.

سەرچاوە مێژووییەكانیش پێمان دەڵێن یەكێك لەو ھۆكارانەی وایان لە ئیبراھیم پاشای بابان كردووە كە ئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی ھەڵببژێرێت بۆ دروستكردنی شار.

سەرچنار ھەر لەگەڵ دروستبوونی شاردا شوێنی پشوودان‌ و كاتبەسەربردنی ئەھلی شارو پیاوماقوڵان بووە.

No description available.

لە چامە بەناوبانگەكەی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم) كە پاش ئەوەی نالی لە ساڵی ١٨٣٠ دەچێت بۆ حەج، دواتر بەھۆی داگیرو خاپووركردنی شار لەلایەن لەشكری عوسمانلییەوە نەگەڕاوەتە‌و سلێمانی‌و لە ئاوارەیی دا ماوەتەوەو دواتر لە ساڵی ١٨٣٤ واتا تەنھا ٥٠ ساڵ دوای دروستبوونی شار چامەكە بۆ سالم-ی ھاوڕێ‌و ھاودەمی دەنێرێت.. نالی لە بەیتی ١٠–١٤ی ئەو چامەیەدا بادی سەبا ڕادەسپێرێت‌و پێیدەڵێت:

ئەمجا مەوەستە تا دەگەیییە عەین-ی سەرچنار ئاوێكە پڕ لە نارو چنارو گوڵ‌و چنوور

چەشمێكە میسلی خۆر كە لە سەد جێ بە ڕۆشنی فەورانی، نوری سافە لەسەر بەردی وەك بكوور

یا عەكسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا ك وا ئەستێرەكانی ڕابكشێن وەك شەھابی نوور

یا چەشمە ساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە یەنبوعی نوورە دابڕژێنێ لە كێوی توور

تەنانەت سالم یش لە وەڵامی نالی دا ئاماژە دەدات بە سەرچنار و دەڵێت:

سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار لێڵاوە چەشمەساری وەكو چاوی بێ بەسەر

ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو یەكسەر مەقامی ڕۆمییە ھەروەك تەھی سەقەر

No description available.

یەكێكی دیكە لەوانە پیرەمێردی نەمرە لە شیعری (لەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارە) دا دەڵێت:

زەمزەمەی بولبولی ئێوارانی نەرمە بارانی ژێر دەوارانی لە نەشئەو بەزمی سەرچنارانی وشكە سۆفی دەخاتە گۆرانی
شیعرێكی مامۆستا ئەخۆل كە دەڵێت:
نامەوێ بۆچیمە ئاھەنگ بەزم‌و ڕەزمی سەرچنار
چی لە مەی كەم ، چی لە نەی كەم
یا لە نەغمەی عودوتار

سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا یەكێك لە گۆرانییەكانی ھونەرمەندی كۆچكردووی كەركووك سەڵاح داودە كە دەیوت:

ئەرێ خۆشە سلێمانی گیانە قەسرو دوكانی ئەوا لەگەڵ سەرچنار بەخوا عەسرو بەیانی.

سەرچنار ئاوێكی سروشتی ھەیە كە لەبنی بەرزایییەكانی دەوروپشتییەوە ھەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەكی زۆری ھەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەدا، تاكوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی سەرەكی ئاوی شاری سلێمانییە.

جگە لەوەی كە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، كارگەی چیمەنتۆی تیابووە ، لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەكانی پەنجاكانی سەدەی پێشوودا ڕووسەكان كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دروست دەكەن.

فۆتۆ و ڕاپۆرت ـ شۆرش وەهبی

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.