سەردێر

“حكومەتی هەرێم، بە سیستمی‌ خراپ ‌و بێ پلانی بەردەوام كێشەكان زیاتر دەكات”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دژی‌ سیاسەتی‌ هەڵەی‌ بەڕێوەبردنی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵاین، پێمانوایە ئەو سیاسەتەی‌ هەیە بەردەوام بێت ساڵ بە ساڵ كێشەكان زیاتر دەبن.

عومەر گوڵپی،‌ ئەندامی پەڕلەمانی‌ كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشداری‌ گردبوونەوە و ناڕەزاییەكانی قوتابیانی‌ دەرچووی‌ 12ی ئامادەیی‌ بووین و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵمانداوە كۆبوونەوەی‌ تایبەتی‌ پەڕلەمان بە ئامادەبوونی‌ وەزیرانی‌ پەیوەندیدار لەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت، تا بەرپرسان وەڵامی‌ ئێمە و داوا و كێشەكانی‌ دەرچووانی‌ 12ی ئامادەیی‌ بدەنەوە.

وتیشی، “ئەو سیاسەتەی‌ حكومەت، كە هەر ڕۆژێك لە كەرتێكی‌ زیاتر پاشەكشە دەكات‌ و دەیداتە دەست كۆمپانیاكانی‌ كەرتی‌ تایبەت، كە زۆرینەیان كۆمپانیای‌ هەردوو حزبی‌ دەسەڵاتن، بارگرانی‌ زۆر بۆ هاووڵاتیان دروست دەكات، لە دۆخێكدا هەموو داهاتەكانی‌ هەرێم ناگەڕێنەوە خەزێنەی‌ گشتی‌‌”.

ئاشكراشیكرد، حكومەت هیچ پشتیوانییەكی‌ بۆ گەنجان نیە لە قۆناغی‌ خوێندن، بە سیستمی‌ خراپ ‌و بێ پلانیش بەردەوام كێشەكان زیاتر دەكات.