سەردێر

وەزیری خوێندنی باڵا: كێشەی خوێندكارانی پۆلی 12 چارەسەر دەكەین

خەڵك

وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا كێشەی خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی چارەسەر دەكەین و ڕێگە نادەین مافی هیچ خوێندكارێك بفەوتێت.
ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە زانكۆی سلێمانی ڕایگەیاند: زانكۆلاین جێی بڕوایە و ڕاستە كێشەیەك بۆ ئەمساڵ لەو سیستمەدا ڕوویداوە، بەڵام ژمارەیەكی كەم خوێندكار كێشەیان هەیە و ئەو كێشانەش چارەسەر دەكەین.

وتیشی: داوای خوێندكاران رەوایە و پشتگیریان دەكەم و داواشمان لەزانكۆكان كردووە كورسییەكانی خوێندن زیاد بكەن و ڕێگە نادەین مافی ئەو خوێندكارانە بفەوتێت و بەرگری لەخوێندكاران دەكەین.

وەزیری خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: بەپرسیارم لەوەی دەیڵێم و سیستمی خوێندن بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە ئەگەر چارەسەر نەكرێت بەرەو هەڵدێر و كارەسات دەڕوات.

ئارام محەمەد قادر وتیشی: دڵم ژان دەكات باوێكێك بە گوڵەبەرۆژە فرۆشتن نەوەكەی بەخێوبكات و بیخاتە كۆلێژی پزیشكی لەو سەریشەوە من نەتوانم وەریبگرم، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەم كە مافی هیچ خوێندكارێك نەفەوتێت و پێوستە خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان پێشبخەین، لەگەڵ ئەوەشداپێویستە بازاڕی كار لە نێوان زانكۆكان دەرەوەی زانكۆكان دروست بكەین.

لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە جیاوازی كردن لە ژمارەی كورسی خوێندن لە نێوان زانكۆكانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ زانكۆی سلێمانی، پرۆفیسۆر د. ڕ‌ەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راگەیاند: ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری كورسی خوێندن لە زانكۆی سلێمانی نەكراوە، بەڵكو هەموو ساڵێك بەم ساڵیشەوە زانكۆی سلێمانی یەكێك بووە لەو زانكۆیانەی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە زۆرترین خوێندكاری وەرگرتووە، هەمان كات زانكۆی سلێمانی زۆرترین داواكاری خوێندنی لەسەرە.