سەردێر

پارێزگایەكی عیراقی دەوامی تەواوەتی 100% دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
لەپاش كەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كۆتایی هاتنی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق، پارێزگایەك دەوامی فەرمی تەواوەتی بەڕێژەی 100% دەستپێدەكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست بڕیاریدا دەوامی فەرمی بەشێوەیەكی تەواوەتی و بەڕێژەی 100% لە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت لە پارێزگاكە دەستپێبكاتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق، وێڕای كەرەنتینەی گشتی و نیمچە گشتی، دەوام لە فەرمانگە فەرمییەكانی دەوڵەت بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمكرایەوە، ئەمەش لەپێناو بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە كە تائێستا ژمارەی تووشبوان گەیشتۆتە 2 ملیۆن و 52 هەزار و 123 كەس، هەر بەهۆی پەتاكەوە 23 هەزار و 83 كەسيش گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی دوایین ئاماریش كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، 1471 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و 2249 كەس چاكبوونەتەوە و 22 حاڵەتی مردنیش لە تێكڕای پارێزگانی عیراق تۆماركراون كە 18 حاڵەتییان لە پارێزگاكانی هەرێمى كوردستان بوون.