سەردێر

نرخی بلیتی فڕۆکە لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران بەرزبووەوە

سلێمانی ـ نزار جەزا

نرخی بلیتی فڕۆکە لەفڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تارانی پایتەخەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزبووەوە. پاش بڕیارەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پێدانی هەموو جۆرەکانی ڤیزای کردە بێبەرامبەر، نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ 160 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەم بڕیارە بەجۆرێکە، وەرگرتنی ڤیزا تەنها تێچووی تۆمارکردنی زانیاریەکانی تایبەت بە خوازیاران لە سایتی ڤیزای ئەلیکترۆنی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئەوپەڕی ٥ پێنج هەزار دینار)ە، ئەویش بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکەیە.

پێشتر نرخی بلیتێکی فڕۆکە لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ تاران دەوڕوبەری 65 دۆلار بوو، دواتر کەمێک بەرزبووەوە تاکو 85 دۆلار، بەڵام پاش ئەو بڕیارە بۆ 160 دۆلار بەرزبووەوە. ئەگەر پێشتر کەسێک بیویستایە گەشتی ئێران بکات بەتێچووی بلیتی فڕۆکە و ڤیزاشەوە نزیکی 110 دۆلار تێچووەکەی بوو، بەڵام ئێستا بەتەنها نرخی بلیتی فڕۆکە 160دۆلارە، واتە تێچووی گەشتێک نزیکی 50 دۆلار تێچووی زیاترە.

خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیاری بە(خەڵک)ی وت: ڕۆژانە بەپێی خواست نرخی بلیت دەگۆڕێت، بەڵام پێناچێت ئەم نرخە ئاوا بەبەرزی بمێنێتەوە، چونکە زۆرێک لەهاوڵاتییانی هەرێم کە دەچنە شارە کوردییەکانی ئێران بەپاس دەڕۆن و بەشێکی زۆری خەڵکیش کارتی ڤاکسینی نییە، لەبەرئەمانە خواست لەسەر گەشت بەفڕۆکە کەمتردەبێتەوە. ئەوەشی باسکرد، ئەم بەرزبوونەوەی نرخە بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی ئەم چەند ڕۆژەوە بوو، بەجۆرێکبوو فڕۆکەکان جێگەیان نەمابوو، بەڵام ئەم خواستە دادەبەزێت.

بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە جۆرێکی دیکەیە لەبارگرانی بۆ بەشێک لەهاوڵاتییان، بەڵام ئەم نرخە بەپێی خواست دەگۆڕێت و جێگیر نابێت.