سەردێر

بەشەخۆراكی بەشێكی هاووڵاتیان دەبڕێت

خەڵك-
دوابەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەهاری ئەمساڵدا، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریدا بە بڕینی بەشەخۆراكی بەشێكی هاووڵاتیان و بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراكی سلێمانی ئاشكرای دەكات، بڕیارەكە جێبەجێ‌ دەكرێت.

یاسین حەمە، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراكی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕینی بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار زیاترە لەگەڵ ئەو چین و توێژانەی لە بڕیارەكەدا دیاریكراون دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

وتیشی، “بڕیارەكە بەش بەش جێبەجێ‌ دەكرێت و بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت”.

لە 18-3-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ ڕێكخستنی دابینكردنی ماددەكانی بەشەخۆراك بۆ هاووڵاتیان، كە گرنگترینیان نەدانی پسووڵەی خۆراكە بەو فەرمانبەرانەی مووچەیان سەرووی 1.5 ملیۆن دینارە و پابەندكردنی وەزارەتەكان و ئەو لایەنانەی وابەستەنین بە وەزارەتەكان لە پارێزگاكان و یەكەكان، تا ناوی ئەو كارمەندانە ڕادەست بكەن، كە مووچەكانیان لەو بڕە زیاترە.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكەیان زیاترە 1.5 ملیۆن دینارە دەبڕدرێت، هەروەها بڕیارەكە بەڵێندەر و خاوەن كۆمپانیاكان و پزیشكەكان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و ئەوانەش جگە لە ڕەگەزنامەی عیراقی هەڵگری ڕەگەزنامەیەكی ترن دەگرێتەوە.