سەردێر

هەڵوێستی پارتی لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم ئاشكراكرا

خەڵك-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە و كۆدەنگی بۆ بەغدا دروست دەكات.

عەلی حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وادەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، هێشتا زووە با كۆمسیۆن ئەنجامەكان ڕابگەیەنێت و پەسەندیان بكات، ئەوكات وادەی پێكهێنانی حكومەت دیاریدەكرێت.

وتیشی”سەردانی ئێمە بۆ لای لایەنەكان بۆلای لایەنە سیاسییەكان لە بەغداش سەردانێكی ئیجابی بووە و گفتوگۆ و سەرەتای ڕاوێژ بووە و باش بووە”.

سەبارەت بە كۆدەنگی هەرێم لە بەغدا ناوبراو ئاشكرایكرد، سەرۆكی هەرێم لەم قۆناغەدا كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان دەكات و خاڵی هاوبەش كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی هەرێم كۆدەنگ و یەك دەنگ بێت لە بەغدا.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستەكانی دیكە، ناوبراو ڕایگەیاند، پۆستەكان ئەوەی پەیوەستە بە كورد لایەنە كوردییەكان لەنێوان خۆیان یەكلایدەكەنەوە.

سەبارەت بە دەنگۆی كشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم عەلی حسێن ڕایگەیاند، جارێ هێشتا بزووتنەوەی گۆران بڕیاری كۆتایی خۆی نەداوە و گرفتی ناوخۆیان هەیە و بەشێكیان دەستیانلەكاركێشاوەتەوە و كۆنگرە دەكەن، ئەنجامی كۆنگرە و بڕیارەكانیان چۆن بوو ئێمە ڕێزیان لێدەگرین.