سەردێر

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەردەكات

خەڵك

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبووەوە و ژمارەیەك بڕیاری نوێ و ڕاسپاردەی دەركرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 26ی تشرینی یەكەمی 2021 سەرۆكایەتی چل و یەكەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و تێیدا دوا پێشهاتەكانی دۆخی گشتی وڵات لەسەرجەم كایەكاندا تاووتوێكرا و هەروەها ئەنجومەنەكە تاووتوێی ئەو بابەتانەشی كرد كەخرابوونە بەرنامەی كارەكانییەوە و ژمارەیەك بڕیار و ڕاسپاردەی لەبارەیانەوە دەركرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكە، مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەرەتای دانیشتنەكەدا باسێكی لەبارەی دۆخی گشتی وڵات و دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنیی و ئۆپراسیۆنەكانی هێزە چەكدارەكان بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەكانی تیرۆریستان و لەناوبردنی پێگە و حەشارگەكانیان پێشكەش كردووە.

هەر لەدانیشتنەكەدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ڕاپۆرتی پەتای كۆرۆنا و سەرجەم ئەو ڕێكارانەی بەمدواییانە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی پەتای كۆرۆنا گیراونەتەبەر و دوا پێشهاتەكانی كاری لیژنەی پەرەدان بەڕێكارەكانی حكومەت لەبوارەكانی خۆپارێزی و هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە بۆ ڕێگریكردن لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە، هەروەها باس لەگرنگترین ئەو هەنگاوانە كراوە كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵەوە گیراونەتەبەر بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، پاش تاووتوێكردنی سەرجەم بابەتەكانی ناو كارنامەی دانیشتنەكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار و ڕاسپاردەی پێویستی لەبارەیانەوە دەركرد.