سەردێر

عیراق سكاڵا لە دژی ئێران بەرزدەكاتەوە

پەنا بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی دەبات

 

خەڵك-
وەزارەتی داهاتە ئاوییەكانی عیراق دەڵێت، دۆسێیەكی ئامادەكردووە، تا بەشێوەیەكی فەرمی سكاڵا لەدژی ئێران بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی بەرزبكاتەوە، بەو پێیەی تاران ئاوە هاوبەشەكان لە عیراق زەوت دەكات.

عۆن زیاب، ڕاوێژكاری وەزارەتی داهاتە ئاوییەكان لە عیراق، بە ئاژانسی (سپۆتنیك)ی ڕوسی ڕاگەیاندووە”وەزارەتەكەیان دۆسێی بەرزكردنەوەی سكاڵای لەدژی ئێران ئامادەكردووە، بۆ بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی بەو هۆیەی ئێران ئاوە هاوبەشەكان لە عیراق زەوت دەكات و ڕێڕەوە ئاوییەكان لەنێو خۆی وڵاتەكەیدا دەگۆڕێت و ئەو ئاوانە وشك دەكات كە دەڕژینە عیراقەوە”.

زیاب دەڵێت، ئەو دۆسێیە لەئێستادا لەبەردەم لایەنە باڵاكانی وڵاتدایە.

مەهدی ڕەشید حەمدانی وةزيرى داهاتە ئاوییەكانی عیراق لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران و توركیادا قسەی كردووە، لەسەر پرۆتۆكۆڵەكانی دابەشكردنی ئاو، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوەتەوە.

حەمدانی هەڕەشەی پەنابردنە بەر كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كردبوو، لە حاڵەتی پابەندنەبوونی ئێران بە بەردانەوە پشكی ئاوی عیراق لەو زێ‌ و ڕوبارانەی لە ئێرانەوە دەڕژێنە نێو وڵاتەوە.

.