سەردێر

هاوپەیمانان لە پشتیوانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

خەڵك

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، دۆخی ئێستای ناوچەكە پێویستی بەلێكتێگەیشتنی هەمووانە و دەبێت ئاراستەی كاری هێزەكان لە عێراق و هەرێم بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەكە و تێكشكاندنی تیرۆریستان بێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان شۆڕش ئیسماعیل پێشوازیی لە فەرماندەی نوێی ئۆفیسی هەماهەنگی هاوپەیمانان لە عێراق، جەنەڕاڵ دۆسێچ و شاندێكی یاوەری كرد و لە كۆبونەوەیەكدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر یەكڕێزی و هاوبەشی هێزەكان لەرووبەڕوبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان لەناوچەكەدا.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: “لەئێستادا هاوكاری و هەماهەنگی هاوپەیمانان پێویستیەكی حەتمییە و جێگەی پێزانینی زۆری ئێمەیە”.

لای خۆیەوە فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی هاوپەیمانان لە عێراق، رایگەیاند: “خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە جێی شانازی هەمووانە و مێژوویەكی پڕشانازیمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە و خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە بەهاوبەشی خۆمانی دەزانین”.

فەرماندەی باڵای ئۆفیسی هەماهەنگی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: “ئێمە لێرەین و بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوكارییەكانمان، بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هاوشان لەگەڵ سوپای عێراقدا ساز و ئامادەبكەین، لە بەرامبەر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە و تێكشكانی تەواوەتی تیرۆریستان”.

دەشڵێت “هاوپەیمانان لە پرسی هاوكارییەكانیان لە پڕۆسەی چاكسازیی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی هێزەكان و پڕۆسەی مەشق و راهێنانەكان بەهێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین”.