سەردێر

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر 13 بڕیاری دەركرد

خەڵك –
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت ، ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامو دەزگاكانی حكومی بە ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاكسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە 2021.10.25، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا كۆبووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە،  پرسەدانان لە (كۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێكی تر) قەدەغەیە و هەر كەسێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت و بنكەكانی پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێری سنوورەكانی خۆیان بكەن.

ڕاگەیندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە 2021.10.25، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا كۆبووە و پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و لە پێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی گشتیی شارەكەمان و هەستیاری و مەترسیداری ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە بەهۆی هەڵكشان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتۆتە ئاراوە، گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-

یەكەم/ داوا لە هاوڵاتییانی شارەكەمان دەكەین لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەی لە هۆڵی مزگەوتەكان، ماڵ، شوێنە گشتییەكان، بەبۆنەی یادی لەدایك بوونی فەخری كائینات پیشەوای مرۆڤایەتی (محمەد)(د.خ) لەسەربێت ڕابگرن، لەهەولێری پایتەخت ئەوەی پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لەئەنجامدانی ڕێورەسم و یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە پڕشكۆیە ئەنجامدراوە، بۆیە داوكارین هاڵاتییان و هاوشاریانی شارەكەمان پابەندبن بەم بڕیارەوە.

دووەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێت تەواوی ئەو رێكارانەی ژووری ئۆپەراسیۆن وەكو خۆی جێبەجێ بكەن، دەسەڵاتی تەواویشیان پێدەدرێت لە هەر شوێنێك پێویستی كرد رێكارەكان توندتر بكەن.

سێیەم/ بەستنی ماسك بۆ ھەموو ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەكان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان چاودێری دەكەن.

چوارەم/ سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن بەتایبەتی بەستنی (ماسك) و دروستنەكردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هەروەها ڕێگەنەدەن هیچ هاوڵاتییەك بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانی بەبێ بەستنی (ماسك) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەكی حكومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و فەرمانبەرێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە بەرپرسیارن.

پێنجەم/ ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاكانی حكومی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاكسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.

شەشەم/ پرسەدانان لە (كۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێكی تر) قەدەغەیە و هەر كەسێك پابەند نەبێت سزا دەدرێت و بنكەكانی پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێری سنوورەكانی خۆیان بكەن.

حەوتەم/ ھەموو ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، پێویستەكارتی ڤاكسینیان ھەبێت.

هەشتەم/ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگەكان و ئەو قوتابیانەی كە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەكو 2021.12.1 ڤاكسینیان وەرگرتبێت.

نۆیەم/ داوادەكەین هەروەك چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوكارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوكاربن لە بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی.

دەیەم/ دایكان و باوكان دەتوانن تاوەكو 2021.10.31 بڕیار بدەن كە منداڵەكانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.

یازدەیەم/ لە كۆڕوكۆبوونەوەكاندا دەبێت بەشداربووان یان كارتی ڤاكسینیان پێ بێت، یاخود پشكنینی كۆرۆنایان كردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنی (هوتێل، هۆڵ، شوێنەكان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە چاودێری دەكرێن.

دوازدەیەم/ لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیندراوە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەكانی پۆلیسی هاتووچۆی ڕاسپاردووە ڕێكاری تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانی بگرنەبەر كە پابەند نین بە ڕیكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان، بەتایبەتی بەستنی (ماسك).

سێزدەیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوكردنی كار و كەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی كەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەك و كۆڵانێك هاوڵاتییان پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان نەبن و مەترسیەكان پەرەی سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شارەكەمان، رێكارەكان توندتر دەكرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەك دەكەین پابەندبن، تاوەكو بارودۆخەكە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

چواردەیەم/ ئەم رێكارانە لەكاتژمێر 12ی ئەمشەو 25 لەسەر 26ی 10ی 2021 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2021.10.25