سەردێر

بەڤیدیۆ: خۆپیشاندانەكانی عیراق لە ناسریەوە دەستپێدەكەنەوە

خەڵك-
ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبوبی لە ناوەڕاستی شاری ناسریە سەنتەری پارێزگای زیقار گردبوونەوە و یادی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی ساڵی 2019یان كردەوە.

بەگوێرەی هەواڵ، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبوبی لە ناسریە گردبوونەوە و دروشمی سوربوون لەسەر داواكاریی خۆپیشاندانەكانی تشرینیان وتەوە، لە هەمان كاتدا داوای ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و ڕاگەیاندنی چارەنوسی سەجاد عیراقی چالاكوانیان كرد.

خۆپیشاندانەكان لە عیراق، لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق سەریانهەڵدا و داوای چاكسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی و باشكردنی خزمەتگوزاریی و دۆزینەوەی هەلی كارییان كرد، دواتر داواكارییەكان پەرەیان سەند و بوونە داواكاردن بە گۆڕینی سیستمی سیاسی لە وڵاتدا، لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیش، نزیكەی 700 كەس كوژران و زیاتر لە 20 هەزار كەسی تر برینداربوون.

خۆپیشاندانەكانی تشرین بوونە مایەی لەسەركارلابردنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و هاتنەبەری حكومەتێكی ڕاگوزەریی بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی كە دواتر كارئاسانی بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە كرد كە بەلای هەندێك لە هێزە سیاسییە كلاسیكییەكانەوە ئەنجامەكەی ڕەتدەكرێتەوە.