سەردێر

هاوپەیمانییەكەی مالیكی باس لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە و دووبارەكردنەوەی پرۆسەكە دەكات.

ئەمڕۆ دوو شەممە، عەبدولهادی سەعداوی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”ئەو هێزە سیاسییانەی ناڕازیین بەرانبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە، و بەڵگەی تەواوییان هەیە كە ساختەكاریی و یاریی كردن بە ئەنجامەكانەوە كراوە بەشێوەیەكی گەورە و مەترسیدار، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنییان خستۆتەڕوو”.

بە وتەی سەعداوی”كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەبێت پابەندی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بێت بەشێوەیەكی گشتی، نەك تەنیا هەندێك وێستگە، تا ڕێگە لە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی سیاسی و میللی بگرێت لە عیراق، لە حاڵەتی پێداگریش لەسەر ئەو داوا سیاسی و میللییە، ئەوا ئاراستەكان بەرەو داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان و هەڵبژاردنێكی نوێ‌ دەبن، بە هەمان شێوە بایكۆتی هەموو پرۆسەیەكیش دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌”.