سەردێر

پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

خەڵك-
نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ڕێكارەكانی دەستبەكاربوونی لیوا هاوبەشەكان بۆ ناوچە كوردستانییەكان تەواو بوون و تەنیا هەندێك وردەكاریی ماوە، ئاماژەی بە فەرمانی دەستبەكاربوونیشیان دەكات كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە دركراوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بە بە میدیای فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە”دوای دروستكردنی چوار ژووری ھاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان، بڕیار درا كە دوو لیوای ھاوبەشیش دروست بكرێن لە پێشمەرگە و سوپای عێراق و سەرۆك وەزیرانیش فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەو دوو لیوایەی دەركردووە.”

نوێنەری هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت”بڕیار بوو پێش هەڵبژاردن دەستبەكار بن، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەوە دواخرا، چونكە لیواكان ئامادەن و بەسەر ناوچە كوردستانییەكاندا دابەش دەكرێن”.

بە وتەی لیوا عەبدولخالق تەڵعەت”بڕیارە كۆبوونەوەیەك لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا بەڕێوە بچێت و ئەو وردەكاریانەی ماون، تەواو بكرێن و دەستبەكار بن، چونكە ئەو ھێزانە بۆ ئەو ناوچانە زۆر پێویستن و دەتوانن ئارامی بۆ ئەو ناوچانە بگێڕنەوە، لەبەر ئەوەی ھێزی نیزامین و دەتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن”.