سەردێر

سلێمانی، دوو كەس ئۆتۆمبێلێكان دزی و تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون

خەڵك-
پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كەئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەكان دزیبوو، دواتر لەژێر كاریگەری ماددە كحولییەكاندا توشی ڕوداوی هاتوچۆ بوون.


بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە”دوای ئەوەی بەشی پۆلیسی پێنجوێن ئاگاداركرایەوە لەڕوداوی دزینی یٔۆتۆمبێلێك، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیسی پێنجوێن گەران و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو توانرا لەكاتی دانانی بازگەیەكدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا كە دزیبوویان و بەنیاز بوون بیھێننە ناوشاری سلێمانی و ساغی بكەنەوە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ش ، ك ، م تەمەن 23 ساڵ و د.ب.م تەمەن 24 ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە”.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت”تۆمەتباران لەدوای دزینی ئۆتۆمبێلەكە و لەژێر كاریگەری ماددە كحولییەكاندا توشی ڕوداوی هاتوچۆ ببوون”.