سەردێر

وەزیری دارایی: دواكەوتنی مووچە بەهۆی دواكەوتنی داهاتی دەروازەكانی سلێمانی و هەڵەبجەیە

خەڵك

وەزیری دارایی رایگەیاند بەشێك لە درەنگ وەرگرتنی مووچەی فەرمانگەكان هۆكارەكەی نەگەڕانەوەی داهاتی دەروازەكانی هەڵەبجە و سلێمانییە.

ئەمڕۆ دووشەممە بەرواری 25ی ئۆكتۆبەری 2021 لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانوبەرەی میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە.

لەسەرەتایی كۆبوونەوەكە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری باسی لە كێشەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە وەكو پێویست ناتوانن داهاتی باج كۆبكەنەوە ئەمەش بۆتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە(پارەی نەختێنە) ئەمەش وایكردووە هەندێك لە فەرمانگەكان موچەكانیان درەنگتر وەربگرن.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەشی بەوەكرد” هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی لە باجدان بدزێتەوە لە هەمان كاتدا دەبێت فەرمانبەر بزانێت ئەركی خۆی لە خزمەتكردنی وڵات و نەتەوەكەی چییە.”

پاشان، دكتۆر كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری باسی لە جیاوازی كۆكردنەوەی باج و داهات لە نێوان پارێزگاكان كرد و ئاماژەشی بەوە كرد دەبێت هەموو فەرمانبەرێك پابەندی رێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتەكەی بێت.

لە كۆتایشدا، بە میكانیزمێكی نوێ و هەڵگرتنی گیرگرفتەكان باس لە كۆكردنەوەی باج و داهات كرا تاوەكو چیتر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كێشەی سیولە نەمێنێت.