سەردێر

تەندروستی، لەسەر مەرجی وەرگرتنی ڤاكسین ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بڕیار نەداوە ڤاكسین بكرێتە مەرج.

تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەشەنەی سەندووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بە گشتی و قوتابخانەكان بەتایبەتی كردووە و بەپێی زانیارییەكانیش تاكو ئێستا 45%ی مامۆستایان ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە و وەزارەتی تەندروستیش داوا دەكات مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی مەرجی وەرگرتی ڤاكسین بابەتێكە و پێویستە پێش ئەوە هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیاد بكرێت و جارێك زووە ڤاكسین بكرێتە مەرج.

وتیشی” هەڵمەتەكانی هۆشیاری كە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت بۆ ئەوەیە خەڵك هەست بە مەترسی دۆخەكە بكات و بزانێت ئەگەر ڤاكسین وەربگرێت تەنها خۆی ناپارێزێت، بەڵكو دەوروبەریشی دەپارێزێت.
وتیشی”پێشتر هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە ناویان تۆمار دەكرد بۆ وەرگرینی ڤاكسین، بەڵام ئێستا كەمێك سستی پێوەدیارە بەراورد بە ڕابردوو”.

ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە سەرجەم فەرمانبەران تاكو كۆتایی ئەمساڵ ڤاكسین وەربگرن بەپێچەوانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.