سەردێر

باران بارین نزیكە و ئەگەری پەڵەدانیش نزیكە

خەڵك-

بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێكی باران بارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات.

ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام لە سبەینێ زۆربەی كات پەڵە هەور دەبێت و پلەكانی گەرماش لە نزمترین پلە كە 12 پلەیەو بەرزترین پلەش 25 دەمێننەوە، بۆ كۆتایی ئەم مانگەش پێدەچێت ناوچەكە بكەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەكەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە شەپۆلێكی باران بارین بۆ ناوچەكە.
وتیشی”بەپێی زۆرێك لە نەخشە كەشناسییەكان ئەگەری هەیە ناوچەكە بكەوێتە ژێر پاڵپەستۆی ئەو نزمە هەوایەوە”.
ئاشكراشیكرد، باران بارین لە هەرێم لە ناوەڕاستی مانگی 10وە دەستپێدەكات و زۆرجاریش لەم مانگەدا باران نەبووە، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا یان جێگیربوونی بەرزە پەستانێكە لە ناوچەكە كە ڕێگرن لە هاتنی نزمە پاڵەپەستۆ و كە دەبێتە هۆی دابارین، بەڵام بەپێی زۆرێك لە نەخشەكان ئەگەر هەیە كۆتایی ئەم مانگە ناوچەكە دووبارە باران ببێتەهۆی دەستپێكێك بۆ وەرزی باران بارینی ئەمساڵمان.

جوتیارانی گەرمیان پێیانوایە، ئەگەر تاكو 15ی مانگی داهاتووش پەڵە بدات هیچ گرفتێك لە چاندنی دانەوێڵە دروست نابێت بەڵام ئەگەر لە ووادەیە تێبپەڕێت گرفت دروست دەبێت، ئومێدیشان هەیە ئەمساڵ وشكە ساڵی نەبێت و لەكاتی خۆیدا باران ببارێت و پەڵەش بدات.