سەردێر

پەرلەمان رۆڵی خۆی لە تەنگەژەكانی بازاڕ و نرخدا نەبینیوە

خەڵك

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند لە زۆربەی بواری ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان لە سادەترینەوە تا بەرزترین گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و نرخ بەرزبووەتەوە و داهاتیشی
سنووردارە.

عەباس محەمەد بۆ (خەڵك) رایگەیاند، چەند مانگێكە مووچە بە تەواوی دەدرێت، ئەویش مەترسیی لەسەرە، كە 25 ییەك دەخرێتەسەر مووچە، راستەوخۆ لەبازاڕ كاردانەوەی دەبێت، نرخ بەرز دەبێتەوە.

دەشڵێت: بەرزبوونەوەی نرخ پێوەندی بە نرخی جیهانییەوە هەیە، بەتایبەت دابەزینی بەهای دراوی عێراقی و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.

ئاماژە بەوەش دەكات، حكومەتیش پشتیوان نییە چۆن حكومەتی عێراق پشتیوانی بەرهەمی سووتەمەنی دەكات، بەڵام حكومەتی هەرێم پشتیوانی هیچ بەرهەمێك نییە، بۆیە بەردەوام تەنگەژە دروست دەبێت و بەرزی و نزمی نرخ دروست دەبێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان دەبێت و بازاڕ سست دەبێـت، بۆیە ژیانی هاووڵاتیان بە تایبەت چینی نێوەندی خراپ دەبێـت.

راشیگەیاند، لە ئەنجومەنی پارێزگا یاداشتمان ئامادەكردووە كاری لەسەر بكەین لیژنەی سووتەمەنی راپۆرت ئامادە دەكەن لەسەر نرخ و لەگەڵ پەرلەمانیش كۆبوونەوە دەكرێت، پێویستە پەرلەمان بێتە سەر هێڵ كاری خۆی بكات، كە كاری چاودێری خۆی نەكردووە، ناكرێت نرخ بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت نۆرە بگیردرێت و لە هەر بەنزینخانە و نرخێكە.

دەشڵێـت: ئەم كێشانە دەبێت لەسەرووی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە چارەسەر بكرێت بەتایبەت لەپەرلەمان، پەرلەمانیش وەك پێویست كاری نەكردووە، ئیدارەدانی باش نییە، حیزب تێیدا هەیە، پێویستە حكومەت بێتە سەر هێڵ خەمی بابەتەكە بخوات.