سەردێر

مامۆستایانی وانەبێژ داوای پشتگیری دەكەن

خەڵك-

مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن دەكەن و ئاشكرایدەكەن، لە بایكۆت بەردەوام دەبن و شكست بە پڕۆسەی پەروەردە دەهێنن.

شەنگە مەدحەت یەكێكە لە مامۆستایانی وانەبێژ و بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین بەدەم داواكارییەكانمانەوە بێت ئەگەرنا كەرتی پەروەردە لە مەترسی و داڕماندایە. وتیشی”داواكارییەكانمان مافی سەرەتایی ئێمەن و جگە لەوە داوای هیچ بابەتێكی دیكەمان نەكردووە، ئەویش دامەزراندنمانە بە هەمیشەییە یان گریبەست، چونكە بەو بڕە پارە دیاریكراوە هیچ مافێك بۆ مامۆستای وانەبێژ زامن ناكرێت.
لای خۆشییەوە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی سیدسادق لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئاڕاستەی بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان و زانایانی ئاینی و سەرجەم مامۆستایان و دایبابی خوێندكاران و ئەو كەسانەی خەمی خوێندن و پەروەردەیی نەوەكانی داهاتوون، كردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، وەك مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردەیی سەیدسادق كە گەورەترین و پیرۆزترین ئەركمان لەسەرشانە كە پەروەردە و فێركردنی نەوەكانتانە، دوو هەفتەیە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنمان كردووە لەبەر نەبوونی هیچ مافێك تایبەت بە وانەبێژان.
ئاشكراشیدەكەن، چەندین ساڵە بە وانەبێژی و بەكرێیەكی زۆر كەم یان هەر نەبوو بە دوو مانگ جارێك كەمترین بڕە پارەمان بۆ خەرج دەكرێت چەندین حاڵەتی نەخوازراو بارودۆخی نەگونجاو ڕووبەڕوومان بووەتەوە تا ئێستا بەردەوام بووین، بەڵام بە ڕێكەوتنی نێوان مامۆستایانی وانەبێژ و لەبەر ناڕەحەتی ژیان و بارودۆخمان بڕیارمان داوە چیتر درێژ بەم زوڵمە نەدەین كە بەرامبەرمان دەكرێت، بڕواشمان وایە حكومەت توانای هەیە هاوكارمان بێت بە دامەزراندن یان گرێبەست بوونمان، بۆیە پێویستمان بە پشتگیری و پشتیوانی ئێوەیە لە گردبوونەوەكانمان.