سەردێر

سەرۆك وەزیرانی سوودان پەیامێكی بڵاوكردەوە

داوا لە گەلی سوودان دەكات بڕژێنە سەر جادەكان

خەڵك

عەبدوڵڵا حەمدووك سەرۆك وەزیرانی سوودان كە لەلایەن كودێتاچییەكانەوە لەنێو ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەركراوە، پەیامێكی بۆ گەلی سوودان بڵاوكردەوە.

لەو پەیامەدا كە وەزارەتی رۆشنبیریی و راگەیاندنی سوودان لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمێدیادا بڵاویكردووەتەوە، داوا لە هاووڵاتیان كراوە بڕژێنە سەر جادەكان.

سەرۆك وەزیران داوا لە هاووڵاتیان دەكات بڕژێنە سەر جادەكان، پابەندبن بە ئاشتیی و بەرگریی لە شۆڕش بكەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سوودان كودێتای سەربازی بەسەر دەسەڵاتدا كرا دوای شكستی هەوڵێكی كودێتا لە مانگی رابردوودا.

لەلایەن كودێتاچییەكانەوە سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی راگەیاندن و پیشەسازی و كاروباری ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك كەسایەتی سیاسیی و حیزبیی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەروەریی دەستبەسەركردووە.

ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز بڵاویكردەوە زۆۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەكی زۆر لەسەركردەی حیزبەكانی لایەنگری حكومەت دەستگیركراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی خەرتوووم داخراوە و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان راگیراون.

هاوكات خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت راگیراوە و مۆبایلیش وەستاوە بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس.

لەلایەكی دیكەوە هێزە سەربازییەكان لەنێو پایتەخت بە چڕی بڵاوەیان پێكراوە و كەناڵی فەڕمی سوودانیش دەستیبەسەرداگیراوە لەلایەن كودێتاچییەكانەوە.

لەلایەكی دیكەوە دەیان خۆپیشاندەر هاتوونە سەر جادە بۆ رەتكردنەوەی كودێتا و دەستگیركردنی بەرپرسانی حكومەت، بانگەوازی فراوانكردنی خۆپیشاندانیش دەكرێت لەلایەن هێندێك گرووپەوە.

ئەم كودێتایە دوای ناكۆكیی توندی چەند هەفتەی رابردووی نێوان پێكهاتەی مەدەنیی و سەربازیی فەرمانڕەوا نوێیەكانی سوودان دێت، كە بە كودێتا دەسەڵاتیان گرتەدەست.