سەردێر

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: بكوژی گەنجەكەی چەمچەماڵ دەستگیركرا

خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیركردنی بكوژی گەنجە تەمەن 18 ساڵەكەی چەمچەماڵی ڕاگەیاند و بكوژەكە دەڵێت “پێشتر كێشەی لەگەڵ كوژراوەكەدا هەبووە بۆیە كوشتویەتی”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: “شەوی 20 لەسە ر 21ی تشرینی یەكەمی 2021 تۆمەتبارێك بەناوی (ب ، ج ، ع) كەسێك بەچەكی دەمانچە لەنزیك پێشانگای ئۆتۆمبێل لە چەمچەماڵ بەناوی (هێمن عادل) دەكوژێت و هەڵدێت.”

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە: “پاش ئاگاداركردنی هێزەكانمان لەم ڕووداوە لەلایەن بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە، تۆمەتباری هەڵهاتوو خۆی ڕادەستی (بنكەی ئاسایشی سەنگاو) ی سەربەبەڕێوەبەرایەتیمان كرد، ئەو چەكەشی تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە دەستی بەسەردا گیرا”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا تۆمەتبار دانی بەتاوەنەكەیدا ناوە و وتویەتی “پێشتر كێشەمان هەبووە لەگەڵ كوژراوەكەدا”.

ئەوەش هاتووە: “تۆمەتبارەكە دانیشتووی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵە و لەبنەڕەتدا خەڵكی گوندی (مشكیبان)ی شارەدێی قادركەرەمە، كوژراوەكەش دانیشتووی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ بووە و لەبنەڕەتدا خەڵكی گوندی (قایتەوەن)ی شارەدێی قادركەرەمە”.
ئاماژە بەوەشكراوە: “كەسێكی تریش دەستگیركراوە كە مۆبایلی كوژراوەكەی پێبووە”.