سەردێر

هەر فەرمانبەرێك ڤاكسین وەرنەگرێت مووچەی نادرێتێ

خەڵك-

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، ‎لەپێناو پاراستنی تەندروستی شارەكەمان گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ زیاتر پابەندكردنی هاووڵاتیان بە گشتی و فەرمانبەران بە تایبەتی بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، بڕیارماندا لە ماوەی داهاتودا لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگانەدا ئەو كارمەند و پزیشكەی هەڵگری كارتی كوتانی ڤاكسینی كۆرۆنا نەبێت مووچەی پێنادرێت.

ئازاد مستەفا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە بڕیارێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داوا لە كارمەندان دەكەین ئەوانەی تا ئێستا ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرنەگرتووە زوو بەزوو ڤاكسین وەربگرن یاخود هەفتانە پشكنینی كۆرۆنا بكەن بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە، كە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین، ‎بەپێچەوانەوە مافی وەرگرتنی مووچەی نامێنێت و مووچەكەی دوادەكەوێت.

جەختیش لەوە دەكاتەوە، پێشنیارەكە بەرز دەكرێتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوەی بۆ فەرمانگەكانی تری حكومەتی هەرێم لە سنوورەكەمان كاری پێبكرێت.

لەبەرانبەردا (تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی) ڕەخنەی توند ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەكات و دەڵێت: “سەركۆنەی ئەم ڕەفتارە نادیموكراسییەی ئازاد مستەفا دەكەین، لەكاتێكدا داوا دەكەین هاووڵاتیان و فەرمانبەران ڤاكسین وەرگرن، بەڵام بەهیچ جۆرێك لەگەڵ ئەوە نین ئەو بابەتە بكرێتە زۆرەملێ، هەروەها لەوەش خراپتر ئەوەیە بەناوی وەرنەگرتنی ڤاكسینەوە مووچەی فەرمانبەران ببڕن”.

تۆڕەكە داوا لە ئازاد مستەفا دەكەن، لەم بڕیارە نایاسایی و ناشارستانییە پاشگەزببێتەوە و میكانیزمی باشتر و مەدەنیانەتر بەكاربهێنێت بۆ هاندانی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.