سەردێر

لیژنە‌ هاوبەشەكانی سلێمانی هاووڵاتیان دڵنیادەكەنەوە

خەڵك –
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەبەردەوامی سەردانی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكەن و هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە بەردەوام چاودێری شوێنەكان دەكرێت و دەشڵێت،”ئەو چاودێریكردنەی لەسلێمانی هەیە لە هیچ شارێكی كوردستان و عێراق ناكریت”.

د.ئەحمەد عەزیز، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەكانی قائیمقامیەت بەبەردەوامی سەردانی دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكەن و پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانە دەكەن ڕۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەكاردەبرێت، هاووڵاتیان دڵنیا دەكەنەوە بەردەوام چاودێری شوێنەكان و دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، بڵاوكردنەوەی كاروچالاكیەكانیان بۆ ترساندنی خەڵك نیە، بەڵكو بۆ دڵنیایی زیاترە كە هاووڵاتیان‌ بەئاسودەییەكی زیاترەوە بچنە ‌چێشتخانە و شوێنەكانی دیكە نانبخۆن یان پێداویستییەكانی رۆژانەیان بكڕن.

ئاشكراشیكرد، ئەو سەردانكردن و چاودێری كردنەی لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە ئەنجام دەدرێت لە هیچ یەكێك لەشارەكانی كوردستان و تەنانەت لە عێراقیشدا ناكرێت.