سەردێر

لیژنەی سامانە سروشتییەكان: پێش كۆتایی ئەمساڵ هەموو ماڵێك نەوت وەردەگرێت

خەڵك-
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، داوایان كردوە یان وەزیری سامانە سروشتییەكان بێتە پەرلەمان، یان لیژنەكەیان سەردانی وەزارەت بكات لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی، ئاگاداریش كراونەتەوە كەپێش كۆتایی ئەمساڵ نەوتی سپی بەسەر هەموو ماڵێكدا دابەشدەكرێت.

گوڵیزار عەلی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، “بە زارەكی ئاگادار كراوینەتەوە كە تا پێش كۆتایی ئەمساڵ و پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هەمو ماڵێكدا دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەش دابەشكردنی نەوت سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە دەست پێدەكات، دواتر گوندەكان و دەرەوەی شار، لە قۆناغی سێیەمیشدا نەوت بەسەر ناوەندی شارەكاندا جێ بەجێ دەكرێت، بۆ ئەمەش لیژنە پێكهێنراوە لە وەزارەتەوە بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی و بەنزین”.

بە وتەی گوڵیزار عەلی”دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین و سوتەمەنی گەرەنتیمان بداتێ”.
لەبارەی كێشەی نرخی بەنزین، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “بۆ ئەم گرفتە دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان دابنیشین و داوای چارەسەر بكەین چونكە ئەو بڕە یەك ملیۆن لیترە بەس نیە وە دەبێت دڵنیا بین ئەو چارەسەرە كە بەغداد بەنزین دەنێرێت بەردەوام دەبێت یا گرەنتی نیە؟ لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق نامێنێت ئایا گەرەنتی چیە؟ بۆیە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین و سوتەمەنی گەرەنتیمان بداتێ”.

وێڕای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆربەی هەرە زۆری داهاتەكانی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوەیە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكردووە، نرخی بەرنزین و سوتەمەنییەكانی تریش لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕوویان لەب بەرزبوونەوە كرد، ئەمەش ناڕەزاییەكی زۆری لەنێو هاووڵاتیاندا لێكەوتەوە.