سەردێر

فیفا ڕیزبەندی نوێی هەڵبژاردەكانی جیهانی بۆ ئەم مانگە ڕاگەیاند

خەڵك-

ڕیزبەندی نوێی هەڵبژاردەیەكانی جیهان لەلایەن فیفاوە ڕادەگەیەنرێت كە چەند گۆڕانكارییەكە لە 10 پلەكەی پێشەوەی ڕیزبەندییەكەدا ڕوویایداوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، ڕیزبەندی نوێی هەڵبژاردەكانی جیهانی بۆ مانگی 10 ڕاگەیاند و چەند گۆڕانكارییەكیش لە پلەكانی پێشەوەدا بەدی دەكرێت.

بەپێی ڕیزبەندییە نوێیەكە، هەڵبژاردەی بەلجیكا توانی پارێزگاری لە پێشەنگی ڕیزبەندییەكە بكات، بەڵام مەترسی زیاتری لەسەر دروست بووە لەلایەن هەڵبژاردەی بەرازیلەوە كە بە كەمتر لە هەشت خاڵ لە دوای بەلجیكاوە لە پلەی دووەمدایە.

ئەوەی تێبینی دەكرێت لە ڕیزبەندییەكەی ئەم مانگەدا، سەركەوتنی هەڵبژاردەكانی فەرەنسا بۆ پلەی سێیەم و ئیتاڵیا بۆ پلەی چوارمە، بەڵام هەڵبژاردەكانی ئینگلتەرا بۆ پلەی پێنجەم و پۆرتوگال بۆ پلەی هەشتەم دابەزیون، هەڵبژاردەی ئیسپانیاش لە پلەی هەشتەمەوە و بۆ پلەی حەوتەم سەركەوتووە.

لە ڕیزبەندی نوێی فیفادا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پلەی شەشەمدا ماوەتەوە، بە هەمان شێوە هەڵبژاردەكانی مەكسیك و دانیماركیش وەك پێشوو لە پلەكانی نۆیەم و دەیەمدا ماونەتەوە.