سەردێر

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا یەكڕیزبن

باس لە هەوڵەكانی سەرۆكایەتی هەرێمیش دەكات لەو پێناوەدا

خەڵك-
لە كۆبوونەوەی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مارك برایسن ڕیچاردسن باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، دووپات لە برەودان بە پێوەندییەكانی‌ نێوان هەردوولا كرایەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنجشەم لەلایەن سەرۆكایەتیی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە بڵاوكرایەوە” لە كۆبوونەوەیەكدا پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا و سەردانی مانگی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ لەندەن، شەڕی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، تاوتوێ كران”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە”هەردوولا دووپاتیان لە برەودان بە پێوەندییەكان كردەوە و هاوڕا بوون لەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق، وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەكانی خەڵك بێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆڤید_19 و كاریگەرییەكانیشی، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و ئابووریدا، فراوانكردنی پرۆسەی كوتانیان بە ڤاكسینی دژی پەتاكە بە پێویست و گرنگ زانی، هەروەها خۆشحاڵییان بە هاوئاهەنگی‌ پێشمەرگە و سوپای عێراق بە یارمەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، پێشان دا.

“نێچیرڤان بارزانی دووپاتی‌ لە گرنگیی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا و هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەم پێناوەدا كردەوە، هەروەها سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی بەریتانیای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد. ئاماژەی بە بەردەوامی بەدواداچوونی ئەنجامی سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی تری بەریتانیا دا”، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەی پێكراوە.