سەردێر

ناسنامەى چەند نەوەیەکی پیرەمێرد لە ئیستەنبوڵ ئاشکرادەکرێت

خزمانی پیرەمێرد سێ جار چوونەتە تورکیا بۆ بینینی نەوەکانی پیرەمێرد و ئەوانیش چەندجارێک سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە

خەڵک – نزار جەزا

پیرەمێردی شاعیر دوو کوڕ و چەند نەوەیەکی لەتورکیا هەیە، کە تاکو ئێستا سێ جار خزمانی پیرەمێرد چوونەتە تورکیا بۆ بینینی نەوەکانیان و ئەوانیش چەندجارێک سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە.

یەکێک لەکەسایەتییەکانی شاری سلێمانی کە بەدواداچوون و گەڕانی بۆ نەوەکانی پیرەمێردی شاعیر کردووە، بۆی دەرکەوتووە، پیرەمێرد دوو کوڕی دیکەی لە ئیستەنبوڵ هەبووە و ناسنامەیان ئاشکرادەکات، هاوکات دووپاتیدەکاتەوە، سێ جار خزمانی پیرەمێرد چوونەتە ئیستەنبول بۆ بینینی نەوەکانیان لەوێ.

ئامانجی مامۆستا عومەر، سەرۆکی ڕێکخراوی خانەوادە دێرینەکانی شاری سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ساڵە بەردەوام خەریكی گەڕان و بەدواداچوونە لەبارەى پیرەمێردی شاعیر، دەرکەوتووە پیرەمێرد لەو چەند ساڵەی لەئیستەنبوڵ ژیاوە هاوسەرێکی دیکەی هەبووە، کە چەند منداڵێکی هەبووە.

ئەوەشی باسکرد، پیرەمێرد لەو هاوسەرەی دوو کوڕی بەناوەکانی (نەژاد، وداد) هەبووە، کە ئێستا هیچیان لەژیاندا نەماون.

باسی لەئەوەشکرد، وداد دوای مردنی خۆی هیچ نەوەیەكی بەجێ نەماوە، چونکە منداڵی نەبووە، بەڵام نەژاد دوو كوڕی بەناوەكانی (ئەتێلا، ئەرگوول) هەبووە، ئەمانیش ئێستا لەژیاندا نەماون.

“دوو کوڕەکەی پیرەمێرد، دوو كەسی زیرەکبوون، جێگاو پلەو پایەیان هەبووە لەتوركیا، بە هەوڵ و زیرەكی خۆیان یەكێكیان تا پلەی ئەندام پەرلەمان ڕۆشتووە، ئەوی تریشیان تا سەفیری ڕۆشتووە، هەردووكیان نووسەربوون”، سەرۆکی ڕێکخراوی بنەماڵە دێرینەکانی سلێمانی وای وت.

وتیشی: هەوڵەكانی خزمەكانی خۆمان بۆ بەدواداچوونی نەوەكانی پیرەمێرد بەردەوامبووە، بەجۆرێک پێشتر سێ جار لەساڵەکانی (١٩٦٣-١٩٩٤-١٩٩٨) سەردانی ئیستەنبولیان کردووە.

باسی لەئەوەشکرد، وداد چەندجارێک سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و خزمەکانی لێرە بەسەرکردووەتەوە، بەڵام نەژاد نەهاتووە.

لەئێستادا هیچکام لەوداد و نەژاد و دوو کوڕەکەی لەژیاندا نەماون، بەڵام نەوەکانی ئەو دوو کوڕە لەژیاندان و ئێستا لەتورکیا نیشتەجێن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم وێنەیە هەوڵی یەكەمە كە غەفور ئاغا داویەتی و لە ساڵی ١٩٦٣ چوون بۆ لایان لەئیستەنبووڵ، کە ناوەكان لەڕاستەوە بەم جۆرەى خوارەوەن:

١-خاتوو دیار غەفور ئاغا

٢-خاتوو  فاتمە خان، كچی ڕەحمە خان، كچەزای پیرەمێرد، خێزانی غەفور ئاغا

٣-وداد، كوڕی پیرەمێرد

٤-غەفور ئاغا، خزمی پیرەمێرد

مناڵەكان

١-نزار غەفور ئاغا

٢-جوتیار غەفور ئاغا

ناوبراو ئەوەشی باسکرد، بۆ زانیارییەکان سوودی لە خزمێكی خۆی بەناوی (نزار غەفور ئاغا) وەرگرتووە و سوپاسی کاک زانا و دانای حەكیم ئاغای کرد، کە هاوکاربوون لەبەدواداچوونی ئەم باسە و بڕیاریشە، لەداهاتوودا زانیاری زیاتری دەستبکەوێت و بڵاویانبکاتەوە.

وتیشی: خزمەكانم لەخانەوادەی حاجی تۆفیقی مەسرەف سێ جار چونەتە لای كوڕەكانی پیرەمێرد لەتوركیا و كوڕەكانی پیرەمێرد زۆر خۆشحاڵبوون.

ناوبراو باسی لەسەردانێکی دیکە کرد و وتی: چەند خزمێكمان لەبەهاری ساڵی ١٩٩٧چونەتە ئەنقەرە بۆ لای كوڕەكەی پیرەمێرد (ئەرگوون ساڤ)، كە ئەویش وەك خانەخوێ و خوێن و گۆشت مامەڵەی كردووە، لەهەمان كاتدا بێجگە لەمیوانداری، كتێبەكانی خۆی پێشكەش كردوون. لەوسەردانەدا هەریەك لە خزمان (نزاری غەفور ئاغا ) و هاوژینەكەی ( ڕێزان حسن كەریم عەمبەر خان ) و ئاری كوڕیان لای ئەرگوون ساڤ بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئیستەنبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب داوایان لەپیرەمێرد کرد، کە لەگەڵیان سەفەر بکات، ئەو کاتە غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو بە ناوەکانی (ڕەحمە) و (ئامینە).

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە  لەساڵی ١٨٦٧ لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٥٠ کۆچی دوایی کردووە.

ناوبراو شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو، لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکوو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ، لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت.

لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت، پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی (ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین).

لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئیستەنبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب داوایان لەپیرەمێرد کرد، کە لەگەڵیان سەفەر بکات، ئەو کاتە غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی هەبوو بە ناوەکانی (ڕەحمە) و (ئامینە).