سەردێر

حكومەتی هەرێم دوو بڕیاری لە بەرژەوەندی بەڵێندەران و كۆمپانیاكان دەركرد

كۆمپانیاكان قەرەبوو دەكرێنەوە

خەڵك
بە فەرمانی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دوو بڕیار لە بەرژەوەندی بەڵێندەران و كۆمپانیاكان دەركران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە،دوای ئەو بۆشاییە كارییەی لەبەر كەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دروست بوو و كاریگەریی لەسەر بەرەوپێشچوونی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان هەبوو و زۆریان لە كار وەستان، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گشتاندنێكی دەركرد.

ئاماژە بە ئەوەشكراوە، لەو گشتاندنەی كە بۆ گشت وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نێردراوە و لەپێناو بەردەوامی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، دوو بڕیار لە بەرژەوەندی و قەربووكردنەوەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكان دراوە بەم شێوەیەی خوارەوە:

بڕیاری یەكەم: قەرەبووكردنەوەی ماوەی كەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ بە هەژماركردنی بەهێزی زاڵ (القوە القاهرە) بۆ ئەو پڕۆژانەی كە پابەندنەبوونی جێبەجێكردنیان كەوتووەتە ئەو ماوەیە.

بڕیاری دووەم: پێدانی دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنی خاڵی (یەكەم)ی سەرەوە بە وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.