سەردێر

شەڕی ئەمجارەی پارتی و یەكێتی لەسەر سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوكە

حیزبەكان لەسەر پۆستەكان بابەتە نیشتمانییەكان و بژێویی هاووڵاتیان بیردەچێتەوە

خەڵك
هەرچەندە حیزبەكان بانگەشەی یەكڕێزی دەكەن بۆ بەغدا، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی حكومەت لەسەر پۆستەكان كێشە دەكەوێتە نێوانیانەوە، بەجۆرێك بابەتەكانی دیكەی نیشتمانیی و پێوەست بە ژیانی هاووڵاتیانیان بیردەچێتەوە.

چاوەڕێدەكرێت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەر ناكۆكیی توند لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دروستبكات، چونكە هەردوولایان خوازیاری وەرگرتنی پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوكن، بەو پێیەشی پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بە مافی خۆیانی دەزانێت و یەكێتیش وەك نەریت.

لە دوای 2003وە پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك لای یەكێتیی بوون و لەبەرامبەریشدا پۆستە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان لەوانە سەرۆكایەتیی هەرێم لای پارتی بوون، ئەمەش بەپێی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان كە لەلایەن مەسعود بارزانیی و مام جەلالەوە كرابوو، رێكخرابوو.

لە هەڵبژاردنەكانی 2018دا دوای ململانێیەكی توند یەكێتیی توانی بە هاوكاریی لایەنە شیعەكان پۆستی سەرۆك كۆمار لە پارتی بەرێتەوە كە كاندیدەكەی بەرهەم ساڵح بوو، بەڵام ئەمجارە جارێ دیار نییە ململانێكە چۆنە؟

ئێستا سەردەمێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەستیپێكردووە، لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رۆڵی خۆی هەیە لەبری رێككەوتنە حیزبییەكان، كە پارتی تێیدا زۆر پێشكەوتووە و یەكێتی پاشەكشەی كردووە.

لە بەغدا لایەنی دەرەوەیی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە لە بری رێككەوتنی تایەفی و نەتەوەیی، ئەمەش ململانێكانی نێوان یەكێتی و پارتی توندتر دەكات.

شڕۆڤەكارێكی سیاسی دەڵێت، هیچ كاتێك یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆك كۆماری عێراق كۆك نەبوون و وەك كارتی فشار لەبەرامبەر یەكتری بەكاریدەهێنن.

عادل عوسمان، شڕۆڤەكاری سیاسیی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆك كۆماری عیراق خاڵی ناكۆكن و هیچ كاتێك یەكێتیی و پارتی كۆك نەبوون لەسەری، بەڵام وەك كارتێكی فشار لە بەرامبەر یەكتردا بەكاریدەهێنن بۆ دەستكەوتی زیاتر.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگی زیاتری بەدەستهێناوە لە كەركوك و دەیەوێت وەك فشار لەبەرامبەر یەكێتیی بەكاریبهێنێت كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەلای ئەوە.

باسی لە ئەوەشكرد، بە گشتی گۆڕانكارییەكان لە عیراقدا بۆ كورد و دەستكەوتەكانی بە ئاڕاستەیەكی باش ناڕوات و هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نین لەبەر ئەوە هێزەكانی دیكە هێرش بۆ دەستكەوتەكانی كورد دەهێنن.

وتیشی، هێزە كوردییەكان خۆیان بە هەندێك كێشەی لاوەكییەوە سەرقاڵ دەكەن و كێشە سەرەكییەكە لەبیردەكەن.