سەردێر

حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان وەك حیزبی شیوعی نایەنە سەر جادە

حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بەرگریی لە هاووڵاتیان تەنها لە بەیاننامە و لێدوانی سۆشیاڵمێدیادا دەبیننەوە

خەڵك

حيزبە ئۆپۆسیۆنەكانی هەرێم بێدەنگن لەبەرامبەر گرانبوونی كاڵاو شمەكەكان بە گشتی و سوتەمەنی بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان و تەنها حيزبی شیوعی دەبینرێت كە ناڕەزایی دەردەبڕێت، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حيزبە دەڵێت، لەنێوان حزبە ئۆپۆزسیۆنەكاندا هەماهەنگی كاری هاوبەش نییە بۆیە ناچارین بە تەنها ناڕەزایی دەر ببڕین.

عەبدولڕەحمان فارس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حيزبی شیوعی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمە دەستپێشخەریمانكردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە بەرامبەر گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، تەنها لە پارێزگای هەولێر ناڕەزایی دەرنابڕین بەڵكو لە سلێمانی و چەمچەماڵ و سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێم خۆپیشاندان دەكەین.

وتیشی، دەسەڵات بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان كار دەكەن، هەندێك جار گوێ‌ لە داواكارییەكان دەگرن بەڵام جێبەجێی ناكەن.

سەبارەت بە هۆكاری نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان حيزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان، عەبدولڕەحمان فارس وتی، بەرنامە و كاری هاوبەش لە نێوان حزبە ئۆپۆزسیۆنەكاندا نییە یان زۆر كەمە، و داوا لە هیچ لایەنێك ناكەین بەشدار بێت لەگەڵمان، چونكە پێشتر داوامانكرد و كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سێ‌ لایەنی ئۆپۆزسیۆندا كرد، بەڵام نەگەیشتوینەتە بەرنامەیەكی كاری هاوبەش بۆیە ناچار دەبین بە تەنها خۆپیشاندان بكەین و ناڕەزایی دەر ببڕین، بەبچوكترین ئەركی خۆمان هەستین داكۆكی لە میللەتی خۆمان بكەین.

ئەمە لە حاڵێكدایە پێشتر حیزبە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەكان چەندین خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە غەزە وەڕێخستووە، بەڵام ئامادەنین خۆپیشاندان بۆ بەرگری لە مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەڕێبخەن.

ئەمە هاوكاتیشە لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەردا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان رەخنەی زۆریان لە هاووڵاتیان گرت كە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، بووە بە سوود بۆ فەرمانڕەواكان، بەڵام دەنگیان بە ئەوان نەداوە وەك ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتداران، لە كاتێكدا ئەوان ئامادەنین جگە لە بەیاننامە و لێدوانی سۆشیاڵمێدیا هیچ هەنگاوێكی دیكە بۆ بەرگری لەمافی هاووڵاتیان بهاوێژن.