سەردێر

“توركیا هەوڵی گرتنی ناوچەی دیكەی رۆژئاوای كوردستان دەدات”

خەڵك

ئەندامێكی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا (PDK.S) دەڵێت: توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكەوە عەفرین و سەرێكانی و گرێسپیی داگیر كرد و ئێستاش بەدوای داگیركردنی ناوچەیەكی دیكەی رۆژئاوایە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا (PDK.S) بۆ ئاژانسی كوردپرێس ئاماژەی دابە هەڕەشە نوێكانی ئەردۆغان لەدژی رۆژئاوا و ڕایگەیاند “زۆر ئاشكرایە كە توركیا وڵاتێكی داگیركەرە و هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ زەبرلێدان لە كورد”.

ناوبراو زیادی كرد توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكەوە عەفرین و سەرێكانی و گرێسپیی داگیر كرد و ئێستاش بەدوای داگیر كردنی ناوچەیەكی دیكەی رۆژئاوایە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئاشكراشی كرد: هەڕەشەكانی ئەمدواییەی توركیا لەدژی كوردەكان پیلانی هاوبەشی دەوڵەتەكانی توركیا و سووریایە تاكوو ناوچە كوردنشینەكانی سووریا ڕادەستی توركیا بكرێت و ڕێگا لە كوردەكان لە داهاتوودا بگیردرێت.

ئەندامەكەی لیژنەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا وتیشی: توركیا بەدوای دابڕانی ناوچە كوردنشینەكانی سووریا لە یەكترە. پێرێ لە عەفرین بوو، دوێنێ لە سەرێكانی و گرێسپی و ئەمڕۆ شەهبا و بەیانیش ناوچەكانی دیكەی كوردستانی سووریا داگیر دەكات.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ وەبیری هێنایەوە: پێویستە كوردی سووریا هەماهەنگ و یەكگرتوو بن و خۆیان بۆ هەر ڕووداوێك ئامادە بكەن.