سەردێر

بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنییەوە، شەقام و بازاڕ دەوەستێت

خەڵك-

هەرچەندە وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان دەبێت، بەڵام دوابەدوای لێدوانەكانی ناوبراو بۆ جارێكی دیكە نرخەكە بەرزتر بووەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە نرخی لیترێك بەنزین بۆ نزیكەی 1500 دینار بەرز بووتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی گەیشتوو بە (خەڵك) بەهۆی گرانبوونی بەنزین لە زۆرێك لە شار و شارۆچكەكان شەقامە سەرەكییەكان گیراون لەلایەن ژمارەیەك ئۆتۆمبێلەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە بانی مەقان و دەربەندیخان و كەلار زۆرێك لە شەقامەكان ڕاگیراون و شۆفێران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، نرخی سوتەمەنی بەشێوەیەكە كە كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانیان دروست كردووە.

هاوكات ژمارەیەك لە نانەواخانەكان ئەمڕۆ دەرگای نانەواخانەكانیان نەكردووەتەوە و پێیانوایە، بەهۆی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی و ئارد و كاڵاكانی دیكە ئەوان لە بری قازانج زیان دەكەن، بەو هۆیەوە دەرگای نانەواخانەكانیان داخستووە و ئاشكراشیدەكەن تاكو چارەسەركردنی دۆخەكە ئەوان ئامادە نین بیكەنەوە.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هۆكاری گرانبوونی نرخی سوتەمەنی بۆ سوتەمەنی بازرگانی دەگێڕنەوە كە پەیوەستە بە دۆخی بازاڕەوە ئەمەش لەكاتێكدایە، لە عێراق بەهۆی پاڵپشتی داراییەوە تاكو ئێستا نرخی بەنزین بە 450 دینارە و نرخی جۆرەكانی دیكەی سووتەمەنیش وەك خۆی بە هەرزانی ماوەتەوە، ئەگەر هەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی هەرێم زیاتر و فراوانتر ببن.