سەردێر

بڕیارێك بۆ نرخی هێلكە دەردەكرێت

خەڵك-
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی نرخی هێلكە پێكهێناوە و دەشڵێت: “بڕیاری لێخۆشبوون لە گومرگی پڕۆتین و سۆیا و كەم كردنەوەی كرێی كارەبا بۆ هەرزان كردنی نرخی هێلكەیە”.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە ،2021/10/19 لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی وەزارەت، لەگەڵ خاوەن پڕۆژە پەڵەوەریەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای هەولێر کۆبوینەوە بۆ مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوون لە گرانبوونی نرخی هێلکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکان.

ڕاشیگەیاند، دوابەدوای خستنەرووی کێشەکان و هەڵسەنگاندنی داواکاریەکانی ئامادەبووان بڕیارماندا، کە لەڕێگەی لێژنەیەکی وەزارەتمانەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆببینەوە بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو، کە ڕەچاوی بەرژەوەندی خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن و بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان بکرێ، بە کواڵێتیەکی باش و بەنرخێکی هاوسەنگ لە بازاڕدا.

جەختیشی كردەوە، لەماوەی ڕابردوودا پاڵپشتی وەزارەتمان بۆ خاوەن پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پەلەوەری دووپات کردۆتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەکردنی صۆیا و پرۆتین و ئامێرەکان و کەمکردنەوەی کرێی کارەبا و لابردنی ڕۆتین لەمامەڵەکانی خاوەن پڕۆژەکان بەئامانجی کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و کەلوپەل و پێداویستیەکان لە بازاڕەکانی جیهانیدا.