سەردێر

ئەوانەی لە بەغدا خۆپیشاندان دەكەن كێن؟

ئیدریس جەبار
لە دوانیوەڕۆوە، ژمارەیەكی زۆر لەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئەم مانگەیان بەلاوە قبوڵ نییە و پێیانوایە ساختەكاریی تێدا كراوە، یان بە دیوێكی تر نەیانتوانییوە ئەوەی دەیانەوێت بۆیان سەربگرێت، چوونە بەر دەرگاكانی ناوچەی سەوز و دەستییان بە خۆپیشاندان كرد.

ئەوانەی ئێستا لە بەغدا خۆپیشاندان دەكەن و خێمەی مانگرتن لە نزیك پردی (معلق) هەڵدەدەن و دەست بەسەر تەلارەكانی نزیك لە ناوچەی سەوزدا دەگرن، ئەوانەن كە ناتوانن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و چەندی دەكەن و دەكۆشن ناتوانن لەگەڵ هاوئاوازەكانیان 100 كورسیش كۆبكەنەوە، لەولاشەوە كوتلەی سەدر خوێ‌ بە برینەكەدا دەكات و دەڵێت، ڕێگەنادەن حكومەتی پشكداریی هاوشێوەی حكومەتەكانی تر پێكبهێنرێت.

ئەمان پێیانوابوو بە زۆرینە نییە و چەندی لە هەڵبژاردندا بهێنیت لە حكومەتدا بەشداریی دەكەیت و پشكی خۆت پێدەبڕێت، چونكە پرۆسەكە لەڕێی تەوافوقی سیاسییەوە دەبێت و هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر لەنێوان هاوبەشەكانی پرۆسەی سیاسی كێكەكە دابەش دەكرێت.

وەلائییەكان گورزی كاریگەرییان بەركەوتووە و ناتوانن هاوشێوەی جاران بخوڕن و داوای بەشی خۆیان بكەن، هەرچی نوری مالیكی و دەوڵەتی یاساكەشییەتی، چەندی بكات ناتوانێت ئەو زۆرینەیە دەستەبەر بكات كە دەیگەیەنێتەوە بە كورسی سەرۆكایەتی وەزیران.

سەدرییەكان هەموو ڕێگەكانیان قفڵ كردووە و سەرباری ئەمەش توانج دەوەشێنن و دەڵێن، ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردنییان ڕەتكردۆتەوە، هاتوونەتەلایان و داوای پێكهاتن دەكەن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت.

رەنگە بەمزوانە وادەی پێشكەشكردنی تانەكان كۆتایی بێت و كۆمسیۆن و سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردنیش تەواوی ئەو دەرگایانە دابخەن كە پێشتر بەڕووی ناڕەزاییەكاندا كردبویانەوە، لە دوایین تویتیشیدا، موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، داوا لە ئەنجومەنی ئیداری (بنیان المرصوص) دەكات هەڵمەتێك بۆ پاككردنەوەی خوێندنگە حكومییەكان بەرپابكەن بەر لە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، بەمشێوەیە پەردە بەسەر دیمەنەكانی هەڵبژاردن دادەدرێتەوە و ژاوەژاوی ناڕازییەكان كپ و خامۆش دەكرێن، براوەش بە غرورێكی سیاسیانەی نزیك لە برینداركردن بە خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی بەردەرگای ناوچەی سەوز دەڵێت، بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە و منداڵەكانتان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە بكەن و لەگەڵ لێدانی زەنگی كردنەوەی مەكتەبدا دەستییان بگرن و بیانهێنن بۆ ئەو خوێنگە حكومییانەی كە هەڵبژاردنیان تێداكرا و سندوقەكان بە دەنگدان بۆ “كوتلەی چاكسازیی و دژە گەندەڵی” لەلایەن عیراقییەكانەوە پڕكران!.

دوایین تویتی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر