سەردێر

“خەڵكی ناوچەیەكی هەرێم بەرگریيان دژی كۆرۆنا لاوازترە”

خەڵك-
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە وا دەردەكەوێت خەڵكی دانیشتووی ڕاپەڕین بەرگرییان بەرامبەر بە كۆرۆنا لاوازتربێت.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچیەك پێویستبێت دەیگەیەنینە دەڤەری ڕاپەڕین.

ڕاشیگەیاند، بەداخەوە بەگوێرەی داتاكانی نەخۆشخانەكانی ڕاپەڕین و ئەو تووشبووانەی دەڤەرەكەش، كە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی، زۆربەی ئەو تووشبووانەی گیانیان لەدەستداوە بەداخەوە گەنجن و بەشێكی زۆریان تەمەنیان لەخوار 35 ساڵەوەیە.

ئاشكراشی كرد، بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەكان، هۆكارەكانی بۆماوەیی كاریگەری لەسەر كۆرۆنا هەیە و وا دەردەكەوێت خەڵكی دانیشتووی ڕاپەڕین بەرگرییان بەرامبەر بە كۆرۆنا لاوازتربێت.

د. سەباح دەشڵێت: “ئەوانەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە لە نەخۆشخانە داخڵنەكراون لەبەرئەوە هانی هاووڵاتیان دەدەین ڤاكسین وەربگرن”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەیەكی زۆری تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار دەكرێت و تەندروستی ڕاپەڕین هۆداری نەمانی جێگای داخڵ كردنی نەخۆشی لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا داوە و هاوكات، لە سلێمانی-ش د. داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری تایبەت بە كۆرۆنا زەنگی مەترسیداری كۆرۆنای لێدا و ڕایگەیاند، كە تەنها ئەمڕۆ 170 نەخۆش داخڵ كراون و جیگای نەخۆش نەماوە و قاوشی دیكە دەكەنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری هاتنی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنای دا و داواشی لە مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هاووڵاتیان كرد پەلە بكەن لە خۆكوتانیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا.