سەردێر

خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە و هێزە ئەمنییەكان خرانە ئامادەباشییەوە

خەڵك-
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی عێراق لە بەغدا و لە نزیك ناوچەی سەوز دەستی پێكردەوە و خۆپیشاندەران داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكەن و هاوكات هێزە ئەمنییەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

خۆپیشاندەرانی بەغدا، كە لەو حزبانە پێكهاتوون، كە ئەنجامی هەڵبژاردنیان ڕەتكردۆتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە پشتیوانی دەكرێن، چەندین دروشمیان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەكە بەرزكردۆتەوە.

خۆپیشاندەران دەروازەی ناوچەی سەوزیان گرتووە و هەڕەشەی هەڵدانی خێمە دەكەن لە گۆڕەپانەكە، ئەگەر تەواوی سندوقەكانی دەنگدان بە دەست هەژمار نەكرێنەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، هێزێكی زۆری ئەمنی لە شەقامەكان و ناوچەی سەوز بڵاوەی پێكراوە و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.