سەردێر

هەولێر؛ بۆ یەكەمجار ستافێكی كورد نەشتەرگەری دڵیان بەنازووڕ ئەنجامدا

خەڵك-ئارام سەردار
بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق، ستافێكی كورد نەشتەرگەری دڵیان بەنازووڕ لە هەولێر ئەنجامدا و باری تەندروستی نەخۆشەكانیش جێگیرە، پزیشكی پسپۆر لەنەشتەرگەری دڵ و دەمارەكان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا هاووڵاتیان پێویستیان بە دەرەوەی وڵات نیە .

د.هێمن عبدالرحمان ، پزیشكی پسپۆر لەنەشتەرگەری دڵ و دەمارەكان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ یەكەمجار لە عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەشتەرگەری دڵمان ئەنجامداوە بەبێ كردنەوەی سنگ و دەمارەكان، كەپێشتر پێویست بوو بۆئەو نەشتەرگەریە سینگ بكرێتەوە و ئیسقانی پەراسوو بشكێندرێت، لەهەمان كاتدا بۆ وەرگرتنی دەمار دەست و قاچیش بكرێنەوە.

وتیشی،”چوار نەشتەرگەری دڵ بەنازووڕ ئەنجامیانداوە و جیاواز لەو نەشتەرگەریانەی پێشووتر، ئێستا دۆخی نەخۆشەكان باشە، ئەویش دوو نەخۆش پێویستیان بە چاندنی سەمام بووە، دوو نەخۆشی تریش پێویستیان بەچاندنی دەماری دڵ هەبوو، كە لەدەمارێك زیاتر بووە ، هەر لەسینگ وەرگیراون و بەدڵ بەستراونەتەوە، قەبارەی كونكردنەكەش پێویستی بە ٥ تا ٦ سانتیمەتر هەیە”.

ڕاشیگەیاند، سودی نەشتەرگەری دڵ بەنازوور زۆرە لەوەی لەكێشە لاوەكیەكانی كردنەوەی سینگ و قاچ و دەست دەپارێزرێن و ئەو تێل و كەل و پەلانەی لەجۆرەكانی تری نەشتەرگەری كردنەوەی سینگ بەكار دەهات، كە نەخۆش تووشی كێشەی لاوەكی دەكرد بەكارناهێنن، هاوكات پێشتر نەخۆشەكان لەترسی شكاندنی ئیسكی سینگ و كردنەوەی نایانەوی ئەو نەشتەرگەریە ئەنجام بدەن، ئێستاش هاووڵاتیان پێویستیان بە دەرەوە نیە بەڵكو پێشتر دەبوایە هاوڵاتیان سەردانی وڵاتانی دەرەوە بكەن.