سەردێر

وەزارەتی كارەبا؛ ژمارەیەك بڕیاری گرنگی دەربارەی پێوەری زیرەكی كارەبا دەركرد

خەڵك –
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی دەربارەی پێوەری زیرەكی كارەبا دەركرد و بڕباردرا لەكاتی لەكاركەوتنی پێوەری زیرەك كۆمپانیای جێبەجێكار پێوەرەكە بۆ هاوبەشەكە ناگۆڕێت ، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا پێوەرەكە بگۆڕێت.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ دووشەممە 18/10/2021 كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا لەمیانەی بەسەركردنەوەی پرۆژە و كارەكانی خزمەتگوزاریی كارەبا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی كارەبا لە سێكتەرەكانی (دابەشكردن و گواستنەوەو كۆنترۆڵ و پۆلیسی كارەبا و لێژنەی باڵای پێوەری زیرەك و نوێنەرانی كۆمپانیای TLجێبەجێكاریی پرۆژەكە) كۆبووەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك خێراتر بكرێت بۆ ئەوەی بۆ زستانی ئەمساڵ سەرپێچیەكان و زیاد بەفیڕۆچوونی كارەبا كەم بكرێتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانە درا:
1- لەكاتی لەكاركەوتنی پێوەری زیرەك كۆمپانیای جێبەجێكار پێوەرەكە بۆ هاوبەشەكە ناگۆڕێت، دەبێت بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا پێوەرەكە بگۆڕێت.
2- بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا دەسەڵاتیان پێدرا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار پێكەوە پێوەر ببەستن.
3- لەپێناو كەمكردنەوەی كاتی كاركردن بڕیاردرا لێژنەی سەرپەرشتیاریی پرۆژەكە و لێژنەی رادەستكردنی كار ببنە یەك لێژنە.
4- پلانی هەڵگرتنی رۆتین لە پرۆژەكەدا دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەكرێت.
5- هەر پێوەرێك لەكار بكەوێت چاكبكرێتەوەو هۆكاری تێكچوونەكەشی دیاری بكرێت.
6- هاندان و پاڵپشتی تەواویی ئەو كارمەندو فەرمانبەرانە بكرێت كە بەخەمخۆری و دڵسۆزییەوە كارەكانیان بەڕێوەدەبەن، بەپێچەوانەوە كەسی كەمتەرخەم سزا بدرێت.
7- هەر 7 رۆژ بۆ 10 رۆژ راپۆرتێكی تایبەت لەسەر چۆنیەتی ئیشكردن و بەڕێوەچوونی پرۆژەكە بخرێتە روو.