سەردێر

توركیا چاوەڕێی مۆڵەتی مۆسكۆ و واشنتنە بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوا

خەڵك

سەرۆكی پارتی ڕۆژی دیموكراتی كورد لە سووریا دەڵێت: پێویستە حزبە كوردییەكانی توركیا لەدژی هێرشەكانی ئەردۆغان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بوەستنەوە.

كۆفان كەنعۆ سەرۆكی پارتی ڕۆژی دیموكراتی كورد لە سووریا بۆ ئاژانسی كوردپرێس دەڵێـ: ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای توركیا بۆ ڕاكردن لە كێشە ناوخۆییەكان بەدوای بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی و ورووژاندنی هەستە نەتەوایەتییەكاندان و بەم شێوەیە بازاڕگەرمی بۆ خۆیان دەكەن.

ناوبراو دەشڵێت ئەردۆغان بەتەمای ڕازی كردنی ئەمریكا و ڕووسیایە بۆ ئەوەی مۆڵەتێكی دیكەی بدەنێ تاكوو هێرش بكاتە سەر باكووری سووریا و لەم پێناوەشدا دەست بۆ هەر هەوڵێك دەبات.

هاوكات نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، دەوڵەتی توركیا بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە، بەڵكو دەیەوێت سنووری توركیا تێپەڕێنێت و سەڵتەنەیەك بنیات بنێت.

نوری مەحمود، دەڵێت مەترسییەك هەیە كە ئەردۆغان دۆخێكی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەكو دۆخێكی نائاسایی لەناوخۆی توركیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێك لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە.