سەردێر

یەكێتیی: پێشوازیی لە یەكبەرنامەیی كورد بۆ بەغدا دەكەین

خەڵك

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند “لە پێناوی بەدەستھێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان لە چوارچێوەی دەستووردا ئێمە دەستپێشخەردەبین بۆ دانوستاندنەكانی یەكڕیزی و یەكبەرنامەیی كورد لە بەغدا، پێشوازی لە دەستپێشخەری لایەنە سیاسییەكانیش بۆ ھەمان مەبەست دەكەین”.

مێدیای فەڕمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە زاری ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی حیزبەكەوە بڵاویكردەوە “بەرنامەمان هەیە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەست بە دانوستان و سەردانی لایەنەكان بكەین بە تایبەت لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و ئامانجمانە بە یەك دەنگ و یەك ڕیزی بچینە بەغدا”.

وتەبێژی یەكێتیی ئەوەشی ئاشكراكرد، بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكان ئێمە دەستپێشخەری خۆمان دەكەین و پێشوازی لە هەر دەستپێسخەریەك دەكەین بۆ دانوستاندن.

ئەم لێدوانە لە حاڵێكدایە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات.

بەپێی زانیارییەكان شاندە باڵاكەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكات.

شاندی پارتی لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو حیزبانەدا تاووتوێی هەڵبژاردنەكان و بەرنامەی حیزبە كوردستانییەكان بۆ چوونە بەغدا و بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان 32 كورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەر هێناوە و یەكێكە لەلایەنە گەورە و سەرەكییەكانی پێكهێنەری كابینەی داهاتوو.

پۆستی سەرۆك كۆمار چاوەڕێدەكرێت ببێتەوە بابەتی ناكۆكی لەسەر لە نێوان یەكێتیی و پارتییدا، بەوپێیەی پارتی وەك یەكەم براوەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم خۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە دەزانێت و یەكێتیش بەپێی رابردوو خۆی بە مافی خۆی دەزانێت، ئەمە لە كاتێكدا لە خولی پێشوودا ئەم بابەتە بووە جێی ناكۆكی بە دەنگدانی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی یەكێتیی یەكلاییكرایەوە.