سەردێر

پانۆڕامای ژیانی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام

خەڵك-

محەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا كوڕی عەبدولموتەلیب، لەدایكبووە لە مەككە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی، پێش ئەوەی لەدایك بێت باوكی كۆچی دواییی كردووە و هەر لە مناڵیشدا دایكی لەدەست دەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدولموتەڵیب كوڕی هاشم باپیرەی پاشان لای ئەبو تاڵیب كوڕی عەبدولموتەڵیب مامی، لەو ماوەیەدا خەریكی شوانی دەبێت، پاشان بازرگانی دەكات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی هاوسەری پێكهێناوە لەگەڵ خەدیجە كچی خووەیلید، كە دایكی هەموو مناڵەكانی بووە بێجگە لە ئیبراهیم.

لەدایكبوونی
پێغەمبەری ئیسلام محەممەد لە ماڵی باوكی لە شاری مەككە لە دایكبووە لە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی.

هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە
خەدیجە كچی خووەیلید، ژنێكی بازرگانی شاری مەككە بوو، ڕێزلێگیراو و خاوەنی پارە و سامان بوو، كچی خوەیلدی كوڕی ئەسەدی كوری عبدالعزی كوڕی قصی بوو، خەدیجە پێش ئەوەی شوو بە پێغەمبەر بكات دوو شووی دیكەی كردبوو، سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوەدەكەن لەناو خانەوادەكەی شكۆمەند و خاوەن پلە و پایە بووە سەروەت و سامانی خۆی هەبوو، كاتێك هەواڵی دەستپاكی محەممەدی پێگەیشت، ناردی بە شوێنیداو پێشنیاری خستەبەردەمی كە بەشداری بكات لە بازرگانییەكەیدا بۆ شام، محەممەد ڕازی بوو، لە گەشتەكەیدا خزمەتكارێكی لەگەڵ بوو بەناوی مەیسەرە، كاتێك گەشتنە شام لە بازاڕی بوسڕا لەژێر سێبەری دارێك دانیشت كە لە نزیك سەومەعەی ڕ‌اهیبێك بوو بەناوی نەستوڕا، ڕاهیبەكە بە مەیسەرەی ووت”تەنیا پێغەمبەران لەژێر سێبەری ئەم دارەدا دانیشتوون”، مەیسەرە كاتێك گەرما بەتین دەبوو دەیبینی دوو فریشتە سێبەر بۆ پێغەمبەر و حوشترەكەی دەكەن، كاتێك گەڕایەوە بۆ مەككە قازانجێكی زۆری كردبوو دوو ئەوەندەی جارانی پێشوو، مەیسەرەی خزمەتكاریش ئەو شتانەی بۆ خەدیجە گێڕایەوە كە بەسەریان هاتووە، بۆیە لە دوای گەڕانەوەكەی لە شام خەدیجە پێشنیاری هاوسەرگیری خستە بەردەمی لەڕێی نەفیسە كچی مەنییە، محەممەدیش ڕازی بوو و خەدیجەی خواست كاتێك لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بووە.
خەدیجە دایكی هەموو منداڵەكانی بوو بێجگە لە ئیبراهیم كە دایكی ئەو ماریە قیبتی بوو، مناڵەكانی تری قاسم و عەبدوڵڵا و زەینەب و ئوم كەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن، بەڵام هەموو كچەكانی موسڵمان بوون و لەگەڵیدا كۆچیان كرد بۆ مەدینە، بەڵام هەموویان هێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.

سەرەتای بانگەوازی
موسڵمانان لەو باوەڕەدان كە محەممەد نێردراوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و لەدوای هاتنەخوارەوەی ئایەتەكانی سورەتی مودەسیر، دەستیكرد بە بانگكردنی خەڵك بۆ ئیسلام لە گەورە و بچوك و سەربەست و بەندە و پیاوان و ژنان و یەكەم كەس كە باوەڕی پێهێنا بەپێی گێڕانەوەكانی سوننە خەدیجە كچی خووەیلیدی خێزانی و عەلی كوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بوو و بە موسڵمان بوونی ئەبوبەكر ئیسلام دەركەوت لە مەككە، یەكەم كەس بوو كە ئیسلامبوونی خۆی دەرخست و دەستیكرد بە بانگكردنی هۆز و نزیكەكانی بۆ ئیسلام و ئەوانەی بە بانگەوازی ئەبوبەكر ئیسلام بوون، عوسمان كوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمان كوڕی عەوف و تەڵحە كوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێر كوڕی عەوام و سەعد كوڕی ئەبی وەقاس بوون.

پێغەمبەر لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی كرد و لە یەكەمینی ئەو حوكمانەی هاتنەخوارەوە فەرمانكردن بوو بە نوێژكردن، كاتێك ژمارەیان گەیشتە چل كەس، فەرمان كرا بە محەممەد بە ئاشكرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.

بانگەواز بە ئاشكرا
دوای سێ ساڵ بانگەوازی نهێنی، محەممەد دەستیكرد بە ئاشكراكردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێكرا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی كە دەچوونە ئیسلامەوە مەترسی دروستبوو بۆ شێوازی ژیانی ئاینی لە مەككە و بە خراپی كار دەكردە لەسەر هێزی ئابووری قوڕەیش، بۆیە قوڕەیش دژی بانگەوازەكەی وەستان و داوایان لیدەكرد واز بهێنیت بەڵام محەممەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر هیچ شتێك دەست لە بانگەواز هەڵگرێت.

كۆچكردن بۆ مەدینە
لە دوای بەیعەتی عەقەبەی دووەم، بارودۆخەكە توند بوو لەسەر موسڵمانان، پێغەمبەر ڕیگەی بە موسڵماناندا كە كۆچ بكەن بۆ مەدینە و لە مەككە تەنها پێغەمبەر و ئەبوبەكر و عەلی كوڕی ئەبوتالیب مانەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی لاواز بوون و توانای كۆچكردنیان نەبوو.

كاتێك قوڕەیش دەرچوونی موسڵمانانیان بینی، ترسان محەممەدیش دەرچێت، لە دارلندوە كۆبوونەوە، و بڕیاری كوشتنی محەممەدیاندا، جوبڕەیل ئەم هەواڵەی گەیاند بە پێغەمبەر و پێی ڕاگەیاند لە شوێنەكەی نەخەوێت، محەممەد فەرمانی بە عەلی كرد بخەوێت لە جێگەكەی تا ئەمانەتەكانی لایەتی بیگەڕێنێتەوە پاشان بڕوات بە دوایاندا، پاش ئەوە پێغەمبەر چووە لای ئەبوبەكر و بەیەكەوە كۆچیان كرد و لە ڕۆژی دووشەممە دەی ڕەیعولئەوەلی ٦٢٢ز محەممەد خۆی چووە مەدینەوە لەگەڵ ئەبوبەكری هاوەڵی و پشتیوانان پێشوازیەكی گەرمیان لێكرد.

خەلیفە عومەری كوڕی خەتاب ئەم بۆنەیەی كرد بە سەرەتای مێژووی ئیسلامی، بەڵام موحەڕەمی كرد بە سەرەتای ڕۆژژمێری كۆچی لە جیاتی ڕەبیعولئەوەل لەبەرئەوەی ویستی كۆچەكە لە موحڕەمدا دەستی پێكرد، بەڵام شیعە لەو بڕوایەدان كە ڕۆژژمێری كۆچی هەر لە سەردەمی محەممەددا دانراوە.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی
یەكەم هەنگاوی محەممەد لە مەدینە فەرمانی پێكردن بە كردنەوەی مزگەوت كە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، جێگەكەی بۆ هەڵبژاردو دەستیان كرد بە بنیاتنانی مزگەوتەكە.
مەدینە لەپێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناكۆكی سەد ساڵەوە دەیناڵاند لە نێوان هۆزە جیاوازەكانیدا، سەركردەكانی مەدینە هەستیاندەكرد پێویستیان بە سەركردەیەكی یەكگرتوو هەیە كە پەیوەندیەكانیان ڕێكبخات و ناكۆكی نێوانیان نەهێڵێت، ئەمەش وایلێكردن محەممەد قبوڵ بكەن وەك سەركردەی مەدینە و پاڵپشتی و پارێزگاری لە خۆی و كۆچكردووە موسڵمانەكان بكەن؛ و محەممەد برایەتی خستە نێوان كۆچكردووان و پشتیوانان.

فەتحی مەككە
لە ئەنجامەكانی ڕێكەوتنی حودەیبیە، هۆزی خزاعە هاتنە هاوپەیمانییەكەی محەممەدەوە و بەنوبەكر چوونە هاوپەیمانییەكەی قوڕەیشەوە و بەنی بەكر و خزاعە شەڕ و كوشتاری سەردەمی نەزانی لە نێوانیاندا بوو، ماوەیەك بە ئیسلامەوە سەرگەرم بووبوون و پاشان شەڕ لەنێوانیان دەستیپێكردەوە و قوڕەیش یارمەتی بەنوبەكریاندا، بەمەش كۆتایی بە ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ موسڵمانان هات، پێغەمبەر محەممەد سوپای كۆكردەوە و نزیكەی ١٠٬٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێكەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩ك، و چوونە مەككەوە و فەتحیان كرد و سوپاكە گەیشتە كەعبە، چوونە مزگەوتەكەوە، و ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەكە بوو ڕوخاندیان.

كۆچی دوایی
شوێنی حوجرەی پێغەمبەر، كە پێغەمبەر و ئەبووبەكر و عومەری تێدا نێژراوە
یەكەم شت كە پێغەمبەر محەممەد زانی كاتی وەفاتی نزیك بوەتەوە ئەوە بوو كە لە فەتحی مەككەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی؛ “كاتێ یارمەتی و كۆمەكی خوا دێت، شاری مەككە ڕزگار دەكرێت و دەرگای ئازادی واڵا دەكرێت” لە كۆتاییەكانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی كۆچی، محەممەد تووشی تایەكی بەهێز بوو و نەخۆشییەكەی لێی توند بوو و مۆڵەتی لە خێزانەكانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی كچی ئەبووبەكر بمێنێتەوە.

پێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان دەكرد كاتێك نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و كاتێك نەخۆشییەكەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەكر كرد نوێژیان پۆ بكات و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەكەی كۆچی دوایی كرد لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی كۆچی و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا كە ئەم ڕێكەوتەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی عائشە بە خاك سپێردرا.