سەردێر

ئەمڕۆ شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات

خەڵك

بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا بە سەرۆكایەتی فازیڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی حیزبەكە، سەردانی سلێمانی بكات.

بەپێی زانیارییەكان شاندە باڵاكەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكات.

شاندی پارتی لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو حیزبانەدا تاووتوێی هەڵبژاردنەكان و بەرنامەی حیزبە كوردستانییەكان بۆ چوونە بەغدا و بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق دەكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان 32 كورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەر هێناوە و یەكێكە لەلایەنە گەورە و سەرەكییەكانی پێكهێنەری كابینەی داهاتوو.

پۆستی سەرۆك كۆمار چاوەڕێدەكرێت ببێتەوە بابەتی ناكۆكی لەسەر لە نێوان یەكێتیی و پارتییدا، بەوپێیەی پارتی وەك یەكەم براوەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم خۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە دەزانێت و یەكێتیش بەپێی رابردوو خۆی بە مافی خۆی دەزانێت، ئەمە لە كاتێكدا لە خولی پێشوودا ئەم بابەتە بووە جێی ناكۆكی بە دەنگدانی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی یەكێتیی یەكلاییكرایەوە.